بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاندووە کە یەکەم بەشی بۆمبە سەنگەرشکێنەکانی لە ئەمریکا وەرگرتووە. پێدانی ئەم بۆمبانە بە ڕژێمی زایۆنیستی لە لایەن جۆبایدن سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکاوە ڕاگیرابوو.
یسرائیل کاتس وەزیری شەڕی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی بە هۆی پێدانی ئەو بۆمبانەوە سوپاسی دۆناڵد ترەمپ و حکومەتی ئەمریکای کردووە و ڕایگەیاندووە کە یەکەم بەشی ئەو بۆمبانە ڕۆژی شەممە 15 ی شوباتی 2025 ڕادەستی تەل ئەبیب کراوە.
ئەو بۆمبانە ڕادەستی ڕژێمی زایۆنیستی کراون، لە جۆری MK-84 و بە بۆمبی یەک تەنی و قورس ناسراون کە سەرەتا لە دەیەی 1960 درووست کراون و ئێستا نموونەی پێشکەوتوو و زیرەکی ئەو بۆمبانە لەبەردەستدایە کە لە ڕێگای جی پی ئێس ەوە ئامانجەکانیان دەستنیشان دەکەن. ئەو بۆمبانە کێشیان یەک تەنە و تا قووڵایی 365 مەتری هێزی ڕووخاندنیان هەیە.
بە پێی ڕاپۆرتی وەزارەتی شەڕ و سوپای ڕژێمی زایۆنیستی، لە 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 و سەرەتای شەڕی غەززەوە تا ئێستا ئەمریکا زیاتر لە 76 هەزار تەن چەک، تەقەمەنی و کەرەستەی سەربازیی لە ڕێگای 678 گەشتی فڕۆکەی بارهەڵگر و 129 کەشتییەوە بۆ ئەو ڕژێمە ناردووە کە بە گەورەترین پرۆسەی گواستنەوەی ئاسمانی و دەریایی چەک لە مێژووی ڕژێمی زایۆنیستیدا هەژمار دەکرێت./.