بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەباس عێراقچی لە هەشتەمین کۆنفرانسی زەریای هیندی لە پایتەختی عۆمان، وتی: ئەمرۆ لە ناوچەیەکدا کۆبووینەتەوە کە سەدان ساڵە وەک پردێکی پەیوەندی لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، لە نێوان شارستانیەتە گەورەکان و گەلانی دوور و نزیک ناسراوە. عۆمان خانەخوێی ڕۆشنبیری ئێمە لە ڕابردوویەکی دوور و درێژەوە تا ئێستا، نەک تەنیا کاراکتەرێکی ئابوری، بەڵکوو هێمای وتووێژ و دیپلۆماسی لە ناوچەی زەریای هیندی بووە.
ناوبراو وتی: ئەم ناوچەیە کە بەردەوام لە سەر ڕێگای گۆڕانکارییە جیهانییەکاندا بووە، ئەمڕۆش بە هەمان شێوە ڕۆڵی بەرچاو لە داهاتووی ئابوری نێودەوڵەتی دەگێڕێت. دەریاکان بە درێژایی مێژوو، بەردەوام زیاتر لەوەی کە سنورێکی جووگرافی بن، دەروازەی پەیوەندی شارستانیەتەکان بوون. زەریای هیندی لە هەزاران ساڵەوە تا ئێستا، نەک تەنیا سنورێکی ئاوی، بەڵکوو شاڕێگایەک بۆ بازرگانی، ئاڵوگۆڕی کەلتوری و گەشەی شارستانیەت بووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: ئاسایشی دەریایی ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە بووەتە بابەتێکی سەرەکی بۆ ئابوری جیهانی. کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەڵ رۆڵە ئابوری و بازرگانییەکەی خۆی، بەرپرسیارێتی دابینکردنی ئاسایشی دەریایی لە ئەستۆیە. هێزی دەریایی ئێران بە هاوکاری وڵاتانی ناوچەکە، بەردەوام لە دژی دزی دەریایی، بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی مادە هۆشبەرەکان، تاوانی ڕێکخراو و دابینکردنی ئاسایشی کەشتیوانی ڕۆڵی گێڕاوە. ئێمە لەو بڕوایەداین کە ئاسایشی دەریایی نابێت ئامرازێک بۆ گوشار یان سەپاندنی هەژموونی هێزە نێودەوڵەتییەکان بێت، بەڵکوو دەبێت ئەنجامی هاوکاری وڵاتانی ناوچەکە بێت.
سەید عەباس عێراقچی وتی: لە هەمان کاتدا هیچ وڵاتێک ناتوانێت لە ڕێگای گەشەی ئابوری خۆیدا بە تەنیا بچێتە پێشەوە. هاوکاری ناوچەیی کلیلی پێشکەوتنی هاوبەشە. ئێران بە ئەندامبوون کە ئەنجومەنی وڵاتانی پەراوێزی زەریای هیندی ناسراو بە IORA و کۆنفرانسی هێزە دەریاییەکانی ئەم ئەنجومەنە ناسراو بە IONS، جەخت لە سەر پابەندبوونی خۆی بە چەندجەمسەری و هاوکاری ئابوری و ئەمنی لە ناوچەکەدا دەکاتەوە، بەڵام لەم نێوەندەدا کێشەیەکی گرنگ هەیە، ئەویش هەوڵی وڵاتانی زلهێزی جیهانە کە دەیانەوێت لە کەلێن و ناکۆکییە سیاسی و ئەمنی و ئابورییەکانی ناوچەکە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیان کەڵک وەربگرن و کاریگەری لە سەر هاوکاری ئاسایی نێوان وڵاتانی ناوچەکە دابنێن.
وتیشی کە ئێمە ناتوانین موڵەتی ئەوە بدەین کە کێبڕکێی جیۆپۆلتیکی هێزە نێودەوڵەتییەکان، داهاتووی ئەم ناوچەیە دیاری بکات. بڕیاردان سەبارەت بە چارەنووسی زەریای هیندی، دەبێت لە لایەن وڵاتانی ناوچەکە و بۆ بەرژەوەندی گەلانی ئەم ناوچەیە بێت./.