بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەرامەرز ئەسەدی سەرکۆنسووڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری هەولێر لە گەڵ ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووە.
وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاندووە کە سەرکۆنسووڵی ئێران لەو کۆبوونەوەدا چەند داواکارییەکی لە سەر کێشە و شایستەکانی کۆمپانیا ئێرانییەکان خستووەتەڕوو کە پرۆژەی جیاوازیان لە گەڵ حکومەتی هەرێمدا هەیە.
وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم سەبارەت بەو داواکارییە، ئاماژەی بەوە داوە کە لە ماوەی ڕابردوودا لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی ڕاسپاردووە کارئاسانی تەواو بۆ ڕاییکردنی کاری ئەو کۆمپانیایانە بکەن و بە پێی توانا کار لە سەر خەرجکردنی شایستەکانیان بکەن بە چەند قۆناغێک.
لە درێژەی ئەو ڕاگەێندراوەدا هاتووە کە سەرکۆنسووڵی ئێران خۆشحاڵی خۆیی بە ڕێکەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لە سەر مووچە و بودجە دەربڕیوە و جەختی لە سەر ڕۆڵی ئەرێنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەر دوو لادا کردووەتەوە./.