بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئیسماعیل بەقایی لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا سەبارەت بە لێدوانەکانی ڕەئوف شەیبانی نێردەی تایبەتی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری سوریا و ئەوەی کە ڕایگەیاندووە هەندێک پەیام لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێستای سوریاوە بە تاران گەیشتووە، وتی: سەبارەت بە سوریا هەڵوێستی ئێمە بە بێ گۆڕانکاری ماوەتەوە. چارەنووسی گەلی سوریا دەبێت لە لایەن خۆیانەوە و بە بێ هیچ دەستێوەردانێکی تێکدەرانەی دەرەکی دیاری بکرێت. سوریایەکی سەقامگیر و پارێزراو و بە دوور لە تیرۆر و توندووتیژی، لە بەرژەوەندی تەواوی وڵاتانی ناوچەکەیە.
ناوبراو وتی: بە وردی چاودێری سەرجەم گۆڕانکارییەکان و لێدوان و هەڵسووکەوتی سەرجەم لایەنەکان دەکەین. پەلەمان نییە و بە پێی کردەوەی لایەنەکانی بەرامبەر سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتوومان بڕیار دەدەین./.