بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کۆڕی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی سنورنشینانی ئێران و هەرێمی کوردستان بە هەوڵ و ماندووبوونی حاجی عەباس عەرەبی بەڕێوەچوو (حاجی عەباس عەرەبی کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی کوردی کرماشانە کە لە سەر ئاستی ئێران بە کاری چاکە و خێرخوازی ناسراوە و وەک ئاڵاهەڵگری ئاشتی و پێکەوەژیان لەم وڵاتەدا ناوبانگی دەرکردووە).
لەم کۆڕەدا ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانی پارێزگاکانی کرماشان، ئیلام، لوڕستان و هەرێمی کوردستان بەشدار بوون. ئەوانەی لە ئێران و هەرێمی کوردستان وتاریان پێشکەش کرد، جەختیان لە سەر یەکڕیزی و یەکگرتوویی سنورنشینان دەکردەوە کە لە مێژەوە تا ئێستا بوونی هەبووە و بەردەوام دەبێت.
حاجی عەباس عەرەبی:
برایەتی و پێکەوەبوونی خەڵکی ئێران و عێراق دەبێت پارێزراو بێت
حاجی عەباس عەرەبی خانەخوێی ئەم کۆڕە گرنگە بوو. کەسایەتییەک کە بە ناوبانگەکەی، ناوی کرماشان و کوردی هێندەی دیکە لە ئاستی ئێراندا بەرز کردووەتەوە. ئەو لە وتارێکدا وێڕای بە گەرمی پێشوازی و بەخێرهاتنی میوانانی هەرێمی کوردستان، برایەتی و پێکەوەژیانی کوردانی ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراقی بە بابەتێکی گرنگ ناو برد و ڕایگەیاند کە هیچ شتێک ناتوانێت ئەم برایەتییە مێژووییە لەناو ببات.
حاجی عەباس ڕایگەیاند کە ئەم برایەتییە بە درێژایی مێژوو وایکردووە کە چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران و هەروەها لە هەرێمی کوردستان ئاسانتر بێت.
ناوبراو ڕایگەیاند کە چەندین جار بۆ چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە گەڵ کەسایەتی و برایانی کوردی عێراقی هەوڵی هاوبەشی هەبووە.
کامەران جاف:
کرماشان باوانی ئێمەیە
کامەران جاف لە میوانانی هەرێمی کوردستان، لەم کۆڕەدا وتارێکی بە زمانی کوردی خوێندەوە و ستایشی سەرجەم ئامادەبووانی لێکەوتەوە.
ناوبراو بەرپرسی سەنتەری ڕووناکبیری جافە و ڕایگەیاند کە ئامانج لە بەڕێوەچوونی ئەم کۆڕە، پتەوکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران.
کامەران جاف برایی و تەبایی نێوان گەلانی هەرێمی کوردستان و ئێرانی بە گرنگ ناو برد و ڕایگەیاند کە بە درێژایی مێژوو ئەم برایەتییە هەبووە و بەردەوامیش دەبێت.
ناوبراو ڕایگەیاند کە هاتنی میوانانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم کۆڕە لە پێناو پتەوکردنی گیانی تەبایی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتییە و کۆڕەکەش بە دەستپێشخەری بەڕێز حاجی عەباسی عەرەبی کراوە.
بەرپرسی سەنتەری ڕووناکبیری جاف لە درێژەدا وتی کە عەشیرەکانی جاف، زەنگەنە و ئەوانی دیکە کرماشان بە باوانی خۆیان و باب و باپیرانیان دەزانن.
کامەران جاف بەرامبەر بە کەسایەتی و نوێنەری هۆز و عەشیرەتەکانی کرماشانی وت کە ئێمە لە ئێوەین و ئێوەش لە ئێمەن.
دارا ئاغای حاجی کەریم ئاغای هەمەوەند:
ئێمەی کورد و عێراق لە گەڵ ئێران مێژوویەکی هاوبەشمان هەیە
ناوبراو ئەندامی مەکتەبی عەشایری عێراقە و بە ناوی گەلی کوردستان و گەلی عێراق، دەستخۆشیی لە ڕێکخەرانی کۆڕی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی سنورنشینانی ئێران و عێراق کرد و داوایکرد کە نوێنەر و سەرۆک هۆز و عەشیرەتەکان بە بێ هیچ جیاوازییەک بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.
دارا ئاغا بە ئاماژە بە مێژووی هەمەوەندییەکان لە ئێران وتی کە مێژووی هەر دوو وڵات پێکەوە بەستراوەتەوە.
حاجی جومعە عەلی لەک:
دەرگایەکی نوێ بە ڕووی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا کراوەتەوە
ناوبراو کە سەرپەرشتی شاندەکەی هەرێمی کوردستانی بۆ ئێران دەکرد، نوێنەری پێکهاتەی لەکە لە ئەنجومەنی عەشایری عێراق و لە وتارێکدا تیشکی خستە سەر خاڵە هاوبەشەکانی نێوان گەلانی هەر دوو وڵاتی ئێران و عێراق و ڕایگەیاند کە ئەم خاڵە هاوبەشانە بوونەتە هۆی پتەوبوونی پەیوەندییەکان و برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە.
حاجی جومعە عەلی بە ئاماژە بە تاوانە نامرۆڤانەکانی ڕژێمی بەعسی سەدام لە دژی گەلی کورد بە تایبەت تاوانی ئەنفال و کیمیاباران، وتی کە هاتنی شاندی کەسایەتی و پیاوە گەورەکانی هۆز و عەشیرەتەکانی کوردستان، کردنەوەی کلیلی دەرگایەکی نوێیە بە ڕووی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا تا زیاتر لە جاران پتەوتر و گەشەسەندووتر بێت.
ڕاشیگەیاند کە ئەم هاتنە بۆ خزمەتکردنی خەڵکی هەر دوو لا و نیشتمانە و هەوڵ دەدرێت پەیوەندییەکان بەرەو ئاسۆیەکی باشتر و گەشتر ببرێت./.