فەرامەرز ئەسەدی لە چاوپێکەوتنی تایبەت لە گەڵ دەزگای میدیایی جام کوردی سەبارەت بە گەشە و بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان، وتی: یەکەم بابەت کە گرنگییەکی زۆری هەیە و دەبێت چارەسەر بکرێت، هەندێک کێشە و گرفتی ئەمنییە، بۆ ئەمەش پێویستە هەر دوو لا لێکتێگەیشتنی هاوبەشیان هەبێت تا ئەو کێشە و گرفتانە چارەسەر بکرێن.
ناوبراو بە ئاماژە بە کۆبوونەوەیەکی لە گەڵ فازڵ میرانی لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی پارتی دیمۆکراتی کوردستان، وتی: بەڕێز کاک فازڵ میرانی لەو کۆبوونەوەیەدا سەبارەت بە گرووپەکانی دژبەری شۆڕش وتیان کە پرسی گرووپەکانی دژبەری شۆڕش نابێت لای ئێرانەوە ئەوەندە گەورە بکرێت و لای هەرێمی کوردستانیشەوە نابێت بە بچووک دابنرێت.
ئەسەدی جەختیکردەوە کە بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان، پێویستە هەر دوو لا لێکتێگەیشتنی هاوبەشی ئەمنییان هەبێت.
سەرکۆنسووڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر، وتی: بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکاندا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە موڵەتی ئەوە نادەن بچووکترین هەڕەشەی ئەمنی لەم خاکەوە لە سەر ئێران هەبێت.
فەرامەرز ئەسەدی لە کۆتاییدا وتی: هەلومەرجێکی گونجاو بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان دابین کراوە و ئەمەش بەندە بە ئیرادەی بەرپرسانی باڵای هەر دوو لاوە و لایەنێک بە تەنیایی ناتوانێت پەیوەندییەکان بەرەوپێش ببات./.