بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، زیاد نەخالە ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین و شاندی یاوەری، ئەمڕۆ سێ شەممە 18 ی شوباتی 2025، لە گەڵ حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران کۆبوونەوە.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی لەو کۆبوونەوەدا پیرۆزبایی سەرکەوتنی خۆڕاگرییان لە غەززە کرد و وتیان: کاری گەورەی سەرکردەکان و تێکۆشەرانی خۆڕاگریی فەڵەستین لە یەکگرتوویی و هاوئاهەنگی لە بەرامبەر دوژمن و بەرەوپێشبردنی ڕەوتی دژواری دانوستانەکان و هەروەها پشوودرێژی و خۆڕاگریی خەڵک، بزوتنەوەکانی خۆڕاگریی لە ناوچەکە سەربەرز کردووە.
بەڕێزیان سەرکەوتنی خۆڕاگری ئیسلامی و خەڵکی غەززەیان لە بەرامبەر دوژمنی زایۆنیستی و ئەمریکا بە زۆر گەورە و گرنگ ناو برد و وتیان: ئەم سەرکەوتنە پێوەرێکی نوێی لە خەباتی خۆڕاگریدا خوڵقاند.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتیان: ئەوانەی یەک ساڵ و نیوی ڕابردوو بانگەشە و هەڕەشەی لەناوبردنی خۆڕاگرییان لە غەززە دەکرد، ئێستا دیلەکانی خۆیان لە گرووپە بچووکەکاندا لە هێزەکانی خۆڕاگری وەردەگرن و لە بەرامبەردا ژمارەیەکی زۆر لە دیلە فەڵەستینییەکان ئازاد دەکەن.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی شێوازی خۆڕاگری بۆ ڕادەستکردنی دیلە زایۆنیستەکانیان بە پیشاندەری گەورەیی خۆڕاگری لە بەرامبەر چاوی جیهانیان ناو برد و وتیان: لە ئێستادا ڕای گشتی جیهان لە بەرژەوەندی فەڵەستینە و لەم هەلومەرجەدا هیچ پلانێک بە بێ ڕەزامەندی خۆڕاگری و خەڵکی غەززە بە ئەنجام ناگات./.