بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەباس عێراقچی لە هەشتەمین کۆنفرانسی ” سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە کەنداوی فارس ” جەختیکردەوە کە سیاسەتی دوورخستنەوەی ئێران لە ڕێکخستنە ناوچەییەکان شکستی هێناوە.
ناوبراو وتی: کەنداوی فارس وەک ڕێڕەوێکی ئاوی لە ئاستی جیهانیدا گرنگییەکی ستراتیژیی هەیە و سەرەڕای هەموو هەوراز و نشێوەکان بەردەوام بووە و کاریگەری خۆیی پاراستووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: ئەڵبەت کەنداوی فارس دەستێوەردانێکی دەرەکی زۆر و کێشە و بەربەستی زۆری لە بەردەمدا بووە، وڵاتانی زلهێزی خۆسەپێن ئاسایش و سەقامگیری ئەم ناوچەیان خستووەتە ژێر مەترسییەوە و ئێمە ئێستا لە ناوچەیەکداین کە بە تەواوی بە ئەمنی کراوە.
ناوبراو بە ئاماژە بە ڕۆڵی ئێران لە دابینکردنی ئاشتی و ئاسایشی ئەم ناوچەیە وتی: ئێران ستراتیژی ئاسایشی لە سەر بنەمای هاوکاری وڵاتانی ناوچەکە پەیرەو کردووە و ئەمەش بووەتە هۆی دابینکردنی ئاسایشی کەشتیوانی لە کەنداوی فارس و سەرەڕای سیاسەتە بنەڕەتییەکانی تاران، هەندێک لە هێزەکان هەوڵ دەدەن کەنداوی فارس بکەنە شوێنی قەیران و ئاڵۆزییەکان، ئەوان دەیان ساڵە بە ناردنی چەک دەیانەوێت پێکەوەژیانی ئاشتیانەی خەڵکی ناوچەکە بخەنە ژێر مەترسییەوە.
ڕاشیگەیاند کە ئەمڕۆ نەک تەنیا سیاسەتی دوورخستنەوەی ئێران لە ڕێکخستنە ناوچەییەکان شکستی هێناوە، بەڵکوو بە دیپلۆماسیەتی چالاک و سیاسەتی دەرەوەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ، کەنداوی فارس بەرەو قۆناغێکی نوێی دەڕوات کە هەموو دەستێوەردانێکی دەرەکیی تێدا ڕەتدەکرێتەوە./.