بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی لە چاوپێکەوتنی شێخ تەمیم بن حەمەد ئالی سانی میری قەتەر و شاندی یاوەری، جەختیان لە سەر پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ وەک سیاسەتی بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێران کردەوە و وتیان: یەکێک لە سیاسەتە ڕاگەێندراوەکانی بەڕێز پزیشکیان پەرەپێدانی پەیوەندییەکانە لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و بە یارمەتی خودای گەورە لەم پێناوەشدا کاری باش کراوە و پێشکەوتن بەدیهاتووە و بەڕێز عێراقچی وەزیری دەرەوەش لەم بوارەدا چالاکانە هەنگاو دەنێت.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران هیوای ئەوەیان خواست کە ڕێکەوتنەکانی نێوان هەر دوو وڵات جێبەجێ بکرێن و هەر دوو لا زیاتر لە ڕابردوو ئەرکی دراوسێتی خۆیان بەجێبێنن.
بەڕێزیان بە ئاماژە بە لێدوانەکانی میری قەتەر سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە وتیان: ئێمە وڵاتی قەتەر بە دۆست و برادەر دەزانین، ئەگەرچی هەندێک بابەتی چارەسەرنەکراوی وەک گەڕاندنەوەی پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە کۆریای باشور کە بۆ قەتەر گوازرایەوە، ماوەتەوە، هەرچەندە ئەمریکایە کە ڕێگری لە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکە دەکات.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی وتیان: ئەگەر ئێمە لە جێی قەتەر دەبووین، گرنگیمان بە گوشارەکانی ئەمریکا نەدەدا و مافی لایەنی بەرامبەرمان دەگەڕاندەوە و بەردەوام چاوەڕوانی ئەمە لە قەتەر دەکەین، هیچ جیاوازییەک لە نێوان سەرۆک کۆمارانی ئەمریکادا نییە.
لەو چاوپێکەوتنەدا کە بە ئامادەبوونی دکتۆر مەسعود پزیشکیان بەڕێوەچوو، شێخ تەمیم بن حەمەد ئالی سانی وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی بە چاوپێکەوتنی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ستایشی هەڵوێستی تارانی کرد بۆ پشتیوانی لە گەلی فەڵەستین و بەرامبەر بە حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی وتی: هیچ کات پشتیوانی بەڕێزتان بۆ گەلی فەڵەستین لەبیر ناکرێت.
میری قەتەر بە ئاماژە بە دۆخی ئێستای ناوچەکە وتی کە ئەم دۆخە پێویستی بە هاوکاری زیاتری وڵاتانی ناوچەکەیە./.