بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شێخ تەمیم بن حەمەد ئالی سانی میری قەتەر، ئەمڕۆ چوارشەممە 19 ی شوباتی 2025، بە سەردانێک گەیشتە تاران و لە گەڵ دکتۆر مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبووە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران پاش ئەو کۆبوونەوە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لە گەڵ میری قەتەر، وتی: پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە سەرجەم بوارەکانی سیاسی، ئابوری، ڕۆشنبیری، سەربازی و ئەمنی لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە، یەکێک لە سیاسەتە سەرەکییەکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.
ناوبراو وتی: لە گەڵ بەڕێز میری قەتەر سەبارەت بە بابەتە دووقۆڵییەکان و لە پێناو دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی هەر دوو وڵات وتووێژمان کرد و بڕیاری گرنگ سەبارەت بە گەشە و پتەوکردنی پەیوەندییەکان و کردنەوەی ڕێگای نوێی هاوکارییەکان دراوە، میری قەتەریش جەختی لە سەر دابینکردنی دەرفەتی نوێی هاوکاری کردەوە.
پزیشکیان وتی: لە کۆبوونەوەم لە گەڵ میری قەتەر بڕیاری زۆر باش بۆ پەیوەندییە دووقۆڵییەکان درا.
سەرۆک کۆماری ئێران وتی: لەو بڕوایەداین کە وڵاتانی ناوچەکە دەتوانن بە پێی دراوسێبوون و هاوکاری داهێنەرانە، لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە هەنگاو هەڵبگرن.
مەسعود پزیشکیان سەبارەت بە سوریا وتی: ئێمە ڕێز لە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا و بەشداری سەرجەم خەڵکی ئەو وڵاتە لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان دەگرین.
ناوبراو هەروەها ستایش هەوڵی نێوەندگێڕانەی میری قەتەر و حکومەتی ئەم وڵاتەی بۆ ئاگربەستی غەززە و ئازادکردنی دیلە فەڵەستینییەکان کرد.
پزیشکیان جەختی لە سەر پێویستە گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەش و یەکگرتووی وڵاتانی ئیسلامی لە دژی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی غەززە کردەوە./.