بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕەزا سەلیم ساسانی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی کرماشان وتی: لە پێناو پتەوکردن و گەشەپێدانی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی کرماشان و پارێزگا سنورییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، سەرۆکی ژوورە بازرگانییەکان پێش مانگی پیرۆزی ڕەمەزان لەم شارەدا کۆدەبنەوە.
ناوبراو ڕایگەیاند کە سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان و دیالە دێنە کرماشان و پتەوکردنی پەیوەندییەکان تاوتوێ دەکەن.
ساسانی وتی: ئامانج لەم سەردانە کە بە هاوئاهەنگی ژووری بازرگانی کرماشان دەکرێت، پەرەپێدانی هاوکارییە دووقۆڵییەکانە لە بوارە جیاجیاکانی ئابوری، ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان و تاوتوێکردنی ڕێگاکانی ئاسانکاری و بەرزکردنەوەی ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان هەر دوو لا.
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی کرماشان وتی: بۆ یەکەم جارە کە تەواوی سەرۆکی ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق لە چوارچێوەی یەک شانددا سەردانی کرماشان دەکەن و بڕیارە لە گەڵ بەرپرسان و چالاکوانانی ئابوری کۆببنەوە.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: بەرنامە پێشبینیکراوەکانی ئەم شاندە بازرگانییە بریتییە لە کۆبوونەوە لە گەڵ چالاکوانانی ئابوری پارێزگای کرماشان، چاوپێکەوتنی پارێزگاری کرماشان و بەسەرکردنەوەی یەکە پیشەسازی و وەبەرهێنەرەکانی ئەم پارێزگایە.
ڕەزا سەلیم ساسانی وتی: ئەم سەردانە دەتوانێت هەنگاوێکی زۆر گرنگ لە پێناو گەشەپێدانی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی نێوان پارێزگای کرماشان و هەرێمی کوردستان بێت و دەرفەتی نوێ بۆ هاوکاری هاوبەش لە بوارە جیاجیاکانی ئابوریدا دابین دەکات.
شیاوی ئاماژەیە کە هەرێمی کوردستانی عێراق یەکێک لە بازاڕە گرنگەکانی هەناردەی پارێزگای کرماشانە و ساڵانە ڕێژەیەکی بەرچاو لە کاڵا و بەرهەمەکانی ئەم پارێزگایە هەناردەی هەرێم دەکرێت./.