جیهانی ئیسلام و سەرجەم ئازایخوازەکان لە کەشێکی پڕ لە خەم و شکۆدا، تەرمی پیرۆزی شەهیدان سەید حەسەن نەسروڵڵا و سەید هاشم سەفیەدین یان لە سەر دەستی خۆیان بەڕێکرد. ماڵئاواییەک کە نەک تەنیا بەخاکسپاردنی دوو فەرماندەی گەورەی خۆڕاگری، بەڵکوو نوێکردنەوەی پەیمان لە گەڵ ئەو ڕێباز و ئامانجانەیە کە ئەوان گیانی خۆیان بۆی بەخت کرد. شەقامەکانی لوبنان و وڵاتانی ئیسلامی پڕ لەو خەڵکانە بوو کە بە چاوێکی پڕ لە فرمێسک بەڵام ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە، شەهیدبوونی ئەم دوو سەرکردەیان نەک کۆتایی ڕێگاکە، بەڵکوو خاڵێکی دەستپێک لە بەردەوامی بەرەنگاربوونەوەی زوڵم و داگیرکاری دەزانی. تەرمی ئەوان بەخاک دەسپێردرێت بەڵام مەکتەبەکەیان هەمیشە زیندووە و لە نێو دڵی ملیۆنان کەسی ئازادیخواز، ڕێگای خۆڕاگری بە ڕووناکی دەهێڵێتەوە.
لە سەردەمێکدا کە زۆرێک لە سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە بەرامبەر گوشارە دەرەکییەکان کڕنۆشیان دەبرد، سەید حەسەن نەسروڵڵا بە خۆڕاگری و گەورەیی خۆی، بیرۆکەی خۆڕاگریی کردە هاوکێشەیەکی ستراتیژی لە سەر ئاستی ناوچەکەدا. بە بڕوای شەهید نەسروڵڵا، شەرعییەتی هەر بزوتنەوەیەک نەک لە چەک و پشتیوانی دەرەکی، بەڵکوو لە پشتیوانی خەڵک و لە پێگە کۆمەڵایەتییەکەیدایە. لە سەر ئەم بنەمایەش حزبوڵڵای لە گرووپێکی پارتیزانی بچووک کردە کاراکتەرێکی کاریگەر لە گۆڕەپانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریی لوبنان و جیهانی ئیسلام. ئەمە هونەری سەید حەسەن نەسروڵڵا بوو کە نەک تەنیا بزوتنەوەیەکی سەربازی، بەڵکوو گوتارێکی شارستانی و ئەخلاقیی لە سەر ئاستی ناوچەکە و جیهان خستەڕوو.
گۆڕانکارییەکانی لوبنان لە دوو دەیەی کۆتایی سەدەی بیستەم، شوێنی نواندنی قووڵایی ستراتیژی نەسروڵڵا بوو. لە ساڵی 2000 کاتێک سوپای ڕژێمی زایۆنیستی ناچار بوو بە هیچ دانوستانێک لە باشوری لوبنان بکشێتەوە، جیهان بەو ڕاستییە گەیشت کە هاوسەنگی هێز لە ناوچەکە لە بەرژەوەندی بەرەی خۆڕاگری تووشی گۆڕانکاری هاتووە. ئەمە یەکەم جار لە مێژوودا بوو کە ڕژێمی زایۆنیستی ناچار بوو بە بێ هیچ ئیمتیازێک لەو خاکەی داگیرکردی کردبوو، بکشێتەوە. ئەم سەرکەوتنە نەک بە ئامرازی دیپلۆماسی، بەڵکوو بە خۆڕاگریی چالاک و بەردەوامی گەلی لوبنان مسۆگەر بوو.
شەش ساڵ پاش ئەوە لە هاوینی 2006، ڕژێمی زایۆنیستی بە پشتیوانی هێزە نێودەوڵەتییەکان شەڕێکی بە سەر لوبناندا سەپاند تا هاوکێشەکانی ڕابردوو دیسانەوە تووشی گۆڕانکاری بکاتەوە، بەڵام بە ووشیاری سەید حەسەن نەسروڵڵا، حزبوڵڵا نەک تەنیا لە بەرامبەر سوپای تەیارکراو و پشتیوانیکراوی ڕژێمی زایۆنیستی وەستایەوە، بەڵکوو هاوکێشەیەکی نوێی لە بەرگری سەربازی ناوچەکەدا هێنایە پێشەوە. لەو کاتەوە تا ئێستا هیچ دەستدرێژییەکی ڕژێمی زایۆنیستی بە بێ تێچوویەکی قورس نەبووە.
لە جیهانی سیاسەتدا زۆربەی کاراکتەرەکان، فەڵەستین وەک کارتێکی دیپلۆماسی دەبینن، بەڵام بۆ شەهید نەسروڵڵا، فەڵەستین نەک تەنیا درووشم، بەڵکوو بیر و بڕوایەک بوو. ئەو بەردەوام جەختی لەوە دەکردەوە کە پرسی فەڵەستین نەک تەنیا کێشەیەکی خاک، بەڵکوو پرسێکی مرۆیی، ئەخلاقی و مێژووییە کە پەیوەندی بە کەرامەت و شکۆی موسڵمانانەوە هەیە. حزبوڵڵا بە سەرکردایەتی نەسروڵڵا بووە ئەستوونێکی بەهێزی بەرگری لە گەلی فەڵەستین و خۆڕاگریی ئەوان لە بەرامبەر داگیرکاری ڕژێمی زایۆنیستی.
شەهید نەسروڵڵا بە کەڵک وەرگرتن لە تواناکانی حزبوڵڵا، نەک تەنیا لە بواری سەربازی، بەڵکوو لە بوارەکانی دیپلۆماسی و میدیاییش پشتیوانی لە فەڵەستینییەکان کرد و لەوەدا سەرکەوتوو بوو کە ڕژێمی زایۆنیستی لە سەر ئاستی جیهان پەراوێز بخات. نەسروڵڵا نەک تەنیا لە بەرامبەر داگیرکارانی زایۆنیست، بەڵکوو لە بەرامبەر خیانەتی هەندێک لایەنی ناوچەییش پشتیوانی و بەرگریی لە فەڵەستین کرد و بووە هۆی ئەوەی کە ئامانجەکانی ئەم گەلە بە زیندوویی بمێنێتەوە.
بەشداری حزبوڵڵا لە شەڕی غەززە لە ماوەیەکی زۆر کەمی پاش ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا و بۆ پشتیوانی لە گەلی فەڵەستین و دانیشتووانی غەززە بوو، ئەمەش بە لاپەڕەیەکی زێڕینی دیکە لە مێژووی خۆڕاگری لوبناندا هەژمار دەکرێت. ئەم هەنگاوەش نەک کاردانەوەیەکی تەکتیکی و کاتی، بەڵکوو ستراتیژێکی درێژخایەن بوو کە ئامانجەکەی لاوازکردنی توانای ڕژێمی زایۆنیستی و ڕێگری لە کۆمەڵکوژیی دانیشتووانی غەززە بوو. شەهید نەسروڵڵا بە بیرکردنەوەی قووڵی خۆی ئەوەی پیشاندا کە خۆڕاگری چەمکێکی کاتی نییە و ڕەوتێکی مێژووییە کە بەردەوام لە ڕێگای دادپەروەریدا هەنگاو دەنێت.
حزبوڵڵا تەنیا بزوتنەوەیەکی سیاسی و سەربازی نییە، بەڵکوو بزوتنەوەیەکی گەورەیە کە پشت بە پێگە کۆمەڵایەتییەکەی دەبەستێت، هەر ئەمەش هۆی سەرکەوتنی بەردەوامیەتی لە لوبناندا. هەر کات دوژمنان هەوڵی ئەوەیانداوە بە تیرۆری سەرکردەکان یان بە گوشاری دەرەکی ئەم بزوتنەوەیە لاواز بکەن، پێگە کۆمەڵایەتییەکەی حزبوڵڵا خۆیی ڕێکخستووەتەوە و بەهێزتر لە ڕابردوو درێژەی بە ڕێگاکەی داوە. ئەم ڕاستییەش پیشان دەدات کە ئەو بزوتنەوانەی شەرعییەتی خۆیان لە خەڵکەوە وەردەگرن، هیچ کات بە ئامرازی سەرکوتکارانەی دوژمنان لەناو نابرێن.
ناتوانین سەید حەسەن نەسروڵڵا تەنیا بە فەرماندەیەکی سەربازی یان سیاسەتمەدارێک ناو ببەین. ئەو بیرمەندێکی ستراتیژی بوو کە نموونەیەکی نوێی لە خۆڕاگری خستەڕوو، خۆڕاگرییەک کە لە تەکتیکی سەربازییەوە بووە ڕێکخستنێکی ئایدۆلۆژیایی، کۆمەڵایەتی و سیاسی. میراتەکەی شەهید نەسروڵڵا زیاتر لە هێزە سەربازییەکەی، لە تێڕوانینی قووڵی ئەو بۆ داهاتووی خۆڕاگری و سەربەخۆیی ناوچەکەدایە.
ئەمرۆ دوژمنانی خۆڕاگری ڕەنگە بڵێن کە بە نەبوونی سەید حەسەن نەسروڵڵا ڕێگاکەی کۆتایی هاتووە، بەڵام ئەوان وەک هەمیشە لە ناسینەوەی ڕاستییەکان تووشی هەڵەی ستراتیژی بوون. پیاوانی وەک سەید حەسەن نەسروڵڵا، نەک بە جەستە، بەڵکوو بە بیر و هزریان زیندوون و دەناسرێن. ئەم ڕێگایەش بە خوێنی تێکۆشەرانی شەهید ئاودێری کراوە و بە ئیرادەی گەلانی ئازادیخواز بەردەوام دەبێت. داهاتووش بۆ ئەو گەلانەیە کە کەرامەتیان لە زەلیلبوون پێباشترە، خۆڕاگرییان لە ملکەچبوون و هیوایان لە بێهیوایی پێباشترە.
سەید عەباس عێراقچی
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران