بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەمید ڕەزا ئاسفی لە وتووێژێکدا سەبارەت بە شەهید سەید حەسەن نەسروڵڵا و کاریگەری شەهیدبوونی لە سەر بەرەی خۆڕاگری وتی: هەندێک کەس شەهیدبوونیان کاریگەری زیاتری لە کاتی زیندووبوونیان دەبێت، ئەمەش نموونەی زۆری لە سەرەتای ئیسلامەوە تا ئێستا هەبووە، شەهیدبوونی کەسێک دەبێتە هۆی ئەوەی مەکتەب و ئایدۆلۆژیایەک بەردەوام بە زیندوویی بمێنێتەوە.
ناوبراو وتی: شەهیدبوونی سەید حەسەن نەسروڵڵا خەسارێکی گەورەیە و بۆشایی نەبوونی ئەو سەرکردەیە بە ئاسانی پڕ نابێتەوە، بەڵام شەهیدبوونی بۆ درێژەدان بەو ڕێگایەی دیاریکردووە، زۆر گرنگ و کاریگەر دەبێت، بە شەهیدبوونی سەید حەسەن نەسروڵڵا ڕێگای خۆڕاگری بەردەوام و بەهێز دەبێت.
ئاسفی وتی: شەهید حەسەن نەسروڵڵا گەشە و بەهێزبوونی مەکتەبی خۆڕاگری بەلایەوە گرنگتر لە خودی خۆی بوو، ئەو ئەرکەی پێی سپێردرابوو، بە باشترین شێواز جێبەجێی کرد و لە پێناو ئەو ئەرک و ئامانجەشدا شەهید بوو.
ئەم دیپلۆماتکارەی پێشووی ئێران هەروەها وتی: سەید حەسەن نەسروڵڵا کەسایەتییەکی گەورە بوو کە لە نێو دڵی خەڵکدا بوو، بەشداری نەتەوەکانی دیکە لە وڵاتانی جیهان لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنیدا پیشاندەری ئەم ڕاستییەیە کە ئەم قارەمانە و ڕێگاکەی و حزبوڵڵای لوبنان بە زیندوویی ماوەتەوە.
حەمید ڕەزا ئاسفی وتی: ئەم بەشدارییە ملیۆنییە زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە توڕەبوونی ڕژێمی زایۆنیستیی لێکەوتەوە، ئەوان بەردەوام بانگەشەیان دەکرد کە حزبوڵڵا و خۆڕاگری بە تایبەت لە لوبناندا تەواو بووە، بەڵام ئەم بەشدارییە بەشکۆیە پیشانیدا کە خەڵک چۆن پێشوازی و پشتیوانی لە خۆڕاگری دەکەم و بە شەهیدبوونی سەرکردەکانی بەهێزتر لە ڕابردوو درێژە بە ڕیگاکەی دەدات.
ناوبراو بە ئاماژە بە بەشداری شاندێکی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی شەهیدان نەسروڵڵا و سەفیەدین، وتی: ئەم بەشدارییە پەیامێکی گرنگی هەیە کە ئێران لە گەڵ خۆڕاگری و حزبوڵڵادایە و ئەم ڕێگایەش پاشگەزبوونەوەی نییە و هەروەها ئەوەشی پیشاندا کە سەرەڕای ئەو کێشە و گرفتانەی کە هەبووە، گۆڕانکارییەکان پیشانیداوە ڕێگاکەی ئێران ڕاست و درووست بووە./.