بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەبدولباری عەتوان شرۆڤەکاری بەناوبانگی جیهانی عەرەب و سەرنووسەری رۆژنامەی رای الیوم، وتارێکی بە بۆنەی ڕێوڕەسمی شکۆمەندانەی ماڵئاوایی لە تەرمی شەهیدانی خۆڕاگری، سەید حەسەن نەسروڵڵا و هاشم سەفیەدین بڵاو کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە ئەم زریانە مرۆییە ملیۆنییە لە بەیروتی پایتەختی لوبنان لە کاتی بەخاکسپاردنی تەرمی شەهیدانی خۆڕاگری، وەڵامێکی بەهێز و بومەلەرزەیەکی گەورەیە بۆ هەموو ئەو دەنگە ناحەزانەی وڵاتانی عەرەبی کە پشتیوانی زایۆنیستەکانیان دەکرد و بانگەشەی ئەوەیان دەکرد خۆڕاگری لوبنان بە سەرکردایەتی حزبوڵڵا کۆتایی هاتووە و ناگەڕێتەوە.
ناوبراو ڕایگەیاند کە ئەو حەشیمەتە گەورەیە کە لە یاریگای کۆمەیل شەمعون و شاری وەرزشیی بەیروت گردبوونەوە و لە ناوچە جیاجیاکانی لوبنان و وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و جیهانەوە بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمەکەدا هاتبوون، وەبیرهێنەری بەشداری کەم وێنەی خەڵک لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی جەمال عەبدولناسر لە میسردا بوو و لەو کاتەوە تا ئێستا نموونەی نەبووە. سەید حەسەن نەسروڵڵا ئەم پیاوە گەورە، میراتێکی سیاسی و سەربازی و دەسکەوتی مەیدانی زۆری لە خۆی بەجێهێشتووە کە هەژمار ناکرێت.
عەتوان ئاماژەی بە چەند دەسکەوتێکی شەهید سەید حەسەن نەسروڵڵا داوە و ڕایگەیاندووە کە ئازادکردنی باشوری لوبنان لە داگیرکاری زایۆنیستەکان لە ساڵی 2000 دەسکەوتێکی گەورەیە کە تێیدا سوپای ڕژێمی زایۆنیستی ناچار بوو بە ئامانجی کەمکردنەوەی زیانە مرۆیی و مادییەکانەوە لە باشوری لوبنان بکشێتەوە. شکست و سەرشۆڕی گەورەی زایۆنیستەکان لە شەڕی تەمموزی 2006 کە سوپای داگیرکاری ئەو ڕژێمە هەوڵی قەرەبووکردنەوەی شکستەکەی ساڵی 2000 ی دەدا، لە دەسکەوتەکانی دیکەی شەهید نەسروڵڵایە و لەو شەڕەشدا زایۆنیستەکان ئەنجامی پێچەوانەیان هەبوو، ئەو شوێنەی کە زایۆنیستەکان بانگەشەی سەرکەوتنیان دەکرد و دیسانەوە تووشی شکست کران و ئەفسانەی تانکی مێرکاوا بۆ هەمیشە لەناوبرا.
ئەو شرۆڤەکارە بەناوبانگەی جیهانی عەرەب ڕایگەیاند کە فێستیڤاڵی بەخاکسپاردنی تەرمی سەرکردە گەورەکانی خۆڕاگری کە بە ڕێکخستن و چاودێری حزبوڵڵا بوو، پیشاندەری زیندووبوونەوەی هێزی ئەم بزوتنەوەیە و ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی بۆ گەڕانەوەیەکی بەهێز لە گۆڕەپانی سیاسی و سەربازی لە لوبنان و ناوچەکەیە بە گشتی. کاتێک کە ئاڵاکانی ئێران، جەزایر، عێراق، فەڵەستین و یەمەن لە گەڵ ئاڵای لوبنان و حزبوڵڵا هەڵکران، جەختکردنەوەیەک لە سەر بەردەوامی و هێزی بەرەکانی لایەنگری غەززە، یەکگرتوویی لایەنەکانی خۆڕاگری و گەورەیی یەکڕیزی نیشتمانی لوبنانییەکان بوو و بە واتای ئامادەبوون بۆ سەرکەوتنێکی گەورەیە بە یارمەتی خودای گەورە.
عەبدولباری عەتوان لە درێژەدا بە ئاماژە بە هەڵوێستی خیانەتکارانەی دەسەڵاتدارانی عەرەب لە بەرامبەر فەڵەستین و هەروەها بەشدارینەکردنی میدیاکانی ئەوان لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی شەهیدان سەید حەسەن نەسروڵڵا و هاشم سەفیەدین، وتی: نەبوونی سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی لەم ڕێوڕەسمەدا بە هۆی ترس ئەوانە لە ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی و شووناسی ڕاستەقینەی ئەو دەسەڵاتدارانە و پیلانەکانیان ئاشکراتر کردووە و پیشان دەدات کە پیرۆزییەکانی خۆڕاگری و کەرامەت و پشتیوانی لە ئۆممەی ئیسلامی لە نێو دەسەڵاتدارانی عەرەبیدا شوێنێکی نییە.
ناوبراو ڕایگەیاند کە هەر ئەم هەڵوێستە لەو کەسانە چاوەڕوان دەکرێت کە زیاتر لە 500 ڕۆژ بینەری تاوان و دەستدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە فەڵەستین و لوبنان بوون و تەنانەت بۆ زیاتر لە 60 هەزار شەهیدی ئەم شەڕەش کفنیان نەنارد یان شیر وشکێکیان بۆ منداڵە بەستەزمانەکانی غەززە نەنارد، هەربۆیە هیچ چاوەڕوانییەک نییە کە ئەوان ڕێز لە شەهیدانی خۆڕاگری بگرن.
سەرنووسەری رای الیوم ڕایگەیاندووە کە خۆڕاگری ئیسلامی لوبنان بەهێزتر لە ڕابردوو دەگەڕێتەوە و ئەوەی کە ئەم گەڕانەوەش خێراتر دەکات، پێشێلکردنی بەردەوامی ڕێکەوتنی ئاگربەستە لە لایەن دوژمنی زایۆنیستییەوە و هەروەها مانەوەی زایۆنیستەکان لە 5 خاڵی ستراتیژیی لوبنان و کردنەوەی بنکەی سەربازی لەو شوێنانەدا و ناردنی فڕۆکەی شەڕکەری ئێف 18 بە ئاسمانی شوێنی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی شەهید نەسروڵڵا.
عەتوان لە کۆتاییدا بە ئاماژە بە وتارەکەی شێخ نەعیم قاسم ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان ڕایگەیاند کە خۆڕاگری ئەوە قبووڵ ناکات لوبنان ڕادەستی ئەمریکییەکان بکرێت و لە هەمووش گرنگتر ئەوەیە کە خۆڕاگری کۆتایی نەهاتووە و درێژە بە بەرەنگاربوونەوەی دوژمنی زایۆنیستی دەدات./.