بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد جەواد زەریف لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا سەبارەت بە ماڵئاوایی بەشکۆی لوبنانییەکان لە گەڵ تەرمی شەهید سەید حەسەن نەسروڵڵا، وتی: ڕاستییەکە ئەوەیە کە خۆڕاگری و پشتیوانی خەڵک لە سەرکردەکانی بە شەهیدبوونی ئەوان هێزی زیاتر دەگرێت و زایۆنیستەکان بە هەڵە وا دەزانن کە بە تیرۆرکردن دەتوانن خۆڕاگری ڕابگرن.
ناوبراو وتی: کاتێک زایۆنیستەکان لە ساڵی 1982 بەیروتیان داگیر کرد و یاسر عەرەفاتیان بۆ تونس دوورخستەوە، وایاندەزانی خۆڕاگری تەواو بووە. خاڵی گرنگ ئەوەیە کە لە لە ساڵی 1981 تا 1987، واتە لە لوتکەی داگیرکردنی لوبناندا، سێ گرووپی سەرەکی خۆڕاگری، واتە حزبوڵڵا، حەماس و جیهادی ئیسلامی پێکهێنران کە ئێستا بوونەتە گەورەترین دوژمنی ڕژێمی زایۆنیستی.
جێگری سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئەگەر زایۆنیستەکان و ئەمریکییەکان لەو خەیاڵەدا بن کە بە داگیرکاری و سەرکوتکردن دەتوانن خۆڕاگری لەناوببەن، یان شەڕی ناوخۆیی و بەوەکالەت درووست بکەن، بە ڕێگای هەڵەدا چوون و هیچ کات ناتوانن کێشەیەک چارەسەر بکەن.
زەریف وتی: بە دڵنیاییەوە کە لەدەستدانی گەورە سەرکردەکانی وەک سەید حەسەن نەسروڵڵا و ئیسماعیل هەنیە خەسارێکی گەورەیە و شوێنیان پڕ نابێتەوە، بەڵام خۆڕاگری خۆی ڕێکدەخاتەوە.
وەزیری دەرەوەی پێشووتری ئێران وتی: کێشەکە داگیرکارییە و تا کاتێک داگیرکاری هەبێت، خۆڕاگریش هەیە و تا خۆڕاگریش هەبێت سەرکردە گەورەکانی وەک سەید حەسەن نەسروڵڵا بوونیان دەبێت.
زەریف وتی: لەدەستدانی سەید حەسەن نەسروڵڵا خەسارێکی گەورەیە، وەک چۆن لەدەستدانی شەهید حاجی قاسم سولەیمانی خەسارێکی گەورە بوو، بەڵام ئەمڕۆ ڕاستییەکان ڕوون بوونەتەوە. ئامادەبوون و بەشداری ملیۆنیی خەڵک لە بەیروت لە ڕەنگ و گرووپە جیاجیاکان لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی شەهیدان نەسروڵڵا و سەفیەدین بەڵگەیە لە سەر ئەم ڕاستییە.
جێگری سەرۆک کۆماری ئێران بۆ کاروباری ستراتیژی وتی: ئەمەش پیشاندەری ڕاستییەکە کە تا داگیرکاری هەبێت، خۆڕاگریش بوونی هەیە.
محەممەد جواد زەریف وتی: تا کاتێک جۆلانی سوریا لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە داگیر کرابێت، خۆڕاگری دەکرێت، وەک چۆن کە ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتیان خەڵکی سوریا ئەم داگیرکارییەی زایۆنیستەکان قبووڵ ناکەن.
ناوبراو وتی: لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی شەهید نەسروڵڵا ئەوەمان بینی کە فڕۆکە شەڕکەرەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بە سەر ئەو خەڵکەدا مانۆڕیان دەدا و ویستی ترساندنی خەڵکیان هەبوو، بەڵام خەڵک بە دەنگی بەرزتر درووشمی مردنیان بۆ ڕژێمی زایۆنیستی بەرزکردەوە.
جێگری سەرۆک کۆماری ئێران وتی: تیرۆریزم بە واتای ترساندنی خەڵکە و ڕژێمی زایۆنیستی لە بەیروت ئەمەی دەکرد، بەڵام خەڵک سەرەڕای هەڕەشە و مەترسییەکان ڕژانە سەر شەقامەکان.
زەریف بە ئاماژە بە شەڕی غەززە و پشتیوانی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ڕژێمی زایۆنیستی وتی: لە شەڕی غەززەدا زیاتر لە 50 هەزار کەسی بێتاوان لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە شەهید کران، من ئەگەر لە جێی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەبووم، قەد ناوی مافی مرۆڤم نەدەهێنا.
ناوبراو وتی: پرۆژەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ فەڵەستین و غەززە وەک گرێبەستی سەدەیە و بە شوێنێک ناگات، لە بەر ئەوەی کە داڕشتنەکەی هەڵەیە.
وتیشی کە نەک فەڵەستینییەکان، بەڵکوو ئەو وڵاتە عەرەبییانەش کە پارە لە ئەمریکا وەردەگرن، دژی پرۆژەکەی ترەمپ وەستاونەتەوە./.