بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ سێ شەممە 25 ی شوباتی 2025 لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لە گەڵ سێرگێی لاوڕۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە تاران وتی: ڕاوێژی ئێمە و ڕووسیا بەردەوام لە زۆر بواردا هەیە، بەدەر لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کە پانتاییەکی زۆر لە هاوکارییەکان لەخۆدەگرێت، سەبارەت بە ڕۆژئاوای ئاسیا، قەفقاز و ناوچەکانی دیکەش لە گەڵ یەکتر ڕاوێژ دەکەین.
عێراقچی وتی: سەبارەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، هاوکارییە ئابورییەکان زۆر بە باشی بەرەوپێش دەڕوات و کۆمیسیۆنی هاوبەش لە مانگی نیسان بەڕێوە دەچێت، هاوکارییەکان لە بوارەکانی وزە، هێڵی ئاسن و گەشتیاری بەردەوامە.
ناوبراو وتی: سەبارەت بە دۆخی ناوچەکەش وتووێژ کرا، سەبارەت بە فەڵەستین، لوبنان و سوریا. ئێمە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی ئیدانە دەکەین، پرۆژەیەکی نوێ کە بۆ غەززە ڕاگەێندراوە، لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ڕەتدەکرێتەوە و لە ڕوانگەی ئێمەوە ئیدانە دەکرێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە سوریا وتی: هەڵوێستمان لە گەڵ ڕووسیا نزیکە. ئێران داوای سەقامگیری و ئارامی و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا بە پێی خواستی خەڵکەکەی دەکات و ئێمە پشتیوانی لە ئاشتی دەکەین. هەڵوێستی ئێران سەبارەت بە لوبنانیش ڕوونە، بەردەوامی ئاگربەست و کشانەوەی تەواوی ڕژێمی زایۆنیستی لە ناوچە داگیرکراوەکانی لوبنان بە پێویست دەزانین.
سەید عەباس عێراقچی وتی: ئێران بەردەوام لە بەرەی خۆڕاگری لە ناوچەکە پشتیوانی دەکات و لەو بڕوایەداین کە ئەم گرووپانە بۆ ئامانجی دادپەروەرانە و درووست خەبات دەکەن و خەباتی ئەوان لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت.
وتیشی کە سەبارەت بە دۆسیەی ناوەکی ئێران بیر و ڕامان ئاڵوگۆڕ کرد. تیمەکانی ئێمە لە پەیوەندی بەردەوامدان و درێژە بەم پەیوەندییانە دەدەین. ئێمە لە دۆسیەی ناوەکیدا لە گەڵ ڕووسیا و چین هاوئاهەنگ دەبین بەڵام لە گەڵ ئەمریکا و لایەنەکانی دیکە لە ژێر گوشار، هەڕەشە و گەمارۆدا دانوستان ناکەین./.