بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر سەعید سەلاح بەڕێوەبەری کاروباری پزیشکی لە نەخۆشخانەی خێرخوازیی ” اصدقاء المریض ” لە کەرتی غەززە ڕایگەیاند کە 3 کۆرپەی فەڵەستین بە هۆی سەرماوە گیانیان لەدەستداوە.
ناوبراو داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە پشتیوانی لە گەلی فەڵەستین لە غەززە بکەن.
هاوکات کەناڵی جزیرە لە سەر زاری سەرچاوە خۆجێیەکانەوە ڕایگەیاندووە کە ژمارەی ئەو کۆرپانەی لە غەززە لە ڕۆژی ڕابردوودا بە هۆی سەرماوە گیانیان لەدەستداوە، 5 کۆرپەن.
لە لایەکی دیکەوە، بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین ڕایگەیاندووە کە گیان لەدەستدانی کۆرپە و منداڵانی غەززە بە هۆی ڕێگرییەکانی ڕژێمی زایۆنیستییە لە گەیاندنی سووتەمەنی و پێداویستییە پزیشکییەکان و ئەمەش گەورەترین تاوانی مرۆییە کە لە بێدەنگی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتانی جیهاندا دەکرێت./.