بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەنوچێهر حەبیبی لە وتارێکدا لە کۆنفرانسی ئابوری و بازرگانیی کرماشان و پارێزگا هاوسنورەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق کە لە ئاستی ژوورە بازرگانییەکاندا ڕۆژی چوارشەممە 26 ی شوباتی 2025 لە کرماشان بەڕێوەچوو، وتی: هاوکاری و پەیوەندی ئابوری، ئاسایشی هەر دوو وڵاتی ئێران و عێراق باشتر و زیاتر دەکات.
ناوبراو وتی: بوونی زیاتر لە 371 کیلۆمەتر سنوری هاوبەش لە گەڵ وڵاتی عێراق (هەر دوو بەشی کوردی و عەرەبی) دەرفەتێکی کەم وێنەیە و گرنگی پەیوەندییەکانی زیاتر کردووە تا بەرپرسانی هەر دوو لا هاوکارییەکانی نێوانیان زیاتر بکەن.
پارێزگاری کرماشان وتی: لە بواری بازرگانی بە هەبوونی 5 خاڵی سنوری فەرمی دەتوانرێت دۆخێکی زۆر باش بۆ دانیشتووانی هەر دوو وڵاتی ئێران و عێراق دابین بکرێت.
حەبیبی وتی کە پارێزگای کرماشان دەتوانێت لە سەدا 50 ی بازرگانی و ئاڵوگۆڕەکانی ئێران لە گەڵ وڵاتی عێراق دابین بکات.
پارێزگاری کرماشان لە درێژەدا وتی: لە کەرتی گواستنەوە و لە هەر سێ بەشی وشکانی، هێڵی ئاسن و ئاسمانی بەرەوپێشچوونی باش لە پارێزگای کرماشان ڕوویداوە و کەرتی گواستنەوە بەستێنی گەشەی ئابوریی لە کرماشان دابین کردووە.
مەنوچێهر حەبیبی وتی: ئابوری سێگۆشەیەکی گرنگە کە کەرتی گواستنەوە یەکێک لە بەشە گرنگەکانیەتی و لە ڕووی گواستنەوە بە تایبەت گواستنەوەی وشکانی، دۆخی کرماشان بەردەوام بەرەو گەشەسەندن دەڕوات.
ناوبراو وتی: فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کرماشان گەشەپێدراوە و لە ڕیزی ئەو فرۆکەخانانەی ئێراندایە کە دوو هێڵی فڕینی هەیە، هەروەها لە بواری هێڵی ئاسنیش، یەکێک لە گرنگترین پرۆژەکانی ئێران کە پرۆژەی هێڵی ئاسنی کرماشان بۆ خۆسرەوییە، لە بواری جێبەجێکردندایە کە دەتوانێت گۆڕانکاری بەرچاو لەم بوارەدا بخوڵقێنێت.
پارێزگاری کرماشان وتی: پارێزگای کرماشان ئیرادەیەکی جیدیی بۆ گۆڕانکاری لە ژێرخانەکانی کەرتی گواستنەوەدا هەیە و ئەمەش ئابوری ناوچەکە بەهێز دەکات.
حەبیبی وتی: ناوچەی ئازادی بازرگانیی قەسری شیرین لە خاڵی سفری سنوری کراوەتەوە و لە ڕاستیدا لە نێوان ئێران و عێراقدا هاوبەشە، لە ڕۆژی کردنەوەیدا بانگهێشتی بەرپرسانی ئیدارەی گەرمیان کرا و ئامانجەکەش ئەوە بوو کە وەبەرهێنەرانی عێراقی کەڵک لەم دەرفەتە وەربگرن.
ناوبراو وتی: ئابوریی ئێران جۆربەجۆرە و ئەمەش لە کرماشان زیاترە، بۆ نموونە لە بواری بازرگانی و تەندرووستی، ئەم پارێزگایە هێندە توانای هەیە کە دەتوانین بە ئێرانێکی بچووک ناوی ببەین.
پارێزگاری کرماشان وتی: بەشێکی زۆری بەرهەم و کاڵاکانی ئێران کوالیتی بەرزی هەیە و هەناردەی وڵاتانی ڕۆژئاوا و عەرەبی دەکرێت.
مەنوچێهر حەبیبی وتی: کرماشان توانایەکی زۆری لە بواری گەشتیاری تەندرووستیدا هیەیە و بوونی پزیشکە پسپۆڕەکان و نەخۆشخانە نێودەوڵەتییەکان بە دەرفەتێکی گرنگ بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق دادەنرێت.
وتیشی کە کردنەوەی سکرتاریەتێکی هاوبەشی ئابوری لە نێوان کرماشان و پارێزگا سنورییەکانی عێراق بە پێویست دادەنرێت و دەبێت لە ژووری بازرگانی پێکبهێندرێت و بەدواداچوون بۆ ئیش و کارەکان بکات.
ئەم کۆنفرانسە بە ئامادەبوونی شاندێکی ئابوری و بازرگانی لە ژوورە بازرگانییەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، دیالە و نوێنەری بازرگانانی گەرمیان بەڕێوەچوو./.