بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد سامی حەمید لە کۆنفرانسی هاوبەشی ئابوری و بازرگانی کرماشان و پارێزگا هاوسنورەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق، وتی: پارێزگای دیالە دوو خاڵی سنوریی لە گەڵ ئێراندا هەیە کە بە دەروازەی بازرگانی لە نێوان ئێران و عێراق دادەنرێت.
ناوبراو بە ئاماژە بە پەیوەندییەکی مەعنەوی بەهێز لە نێوان ئێران و عێراق، وتی: ئەم پەیوەندییە بۆ خۆشەویستی حەزرەتی محەممەد (د.خ) و ئالی پێغەمبەر دەگەڕێتەوە و ئەنجامی ئەم نزیکایەتییەش لە شەهیدبوونی فەرماندەکان قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس بینرا.
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی دیالە وتی: داوا لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەین کە چۆن لە پیلانگێڕی داعش ئێمەی ڕزگار کرد، لە کێشە ئابورییەکانیش ڕزگارمان بکات.
محەممەد سامی حەمید وتی: داوا لە وەبەرهێنەرانی پارێزگای کرماشان دەکەین کارگە و وەبەرهێنانیان بهێننە عێراق بە تایبەت پارێزگای دیالە تا ڕێگری لەوە بکرێت پارەکانی ئێمە بدرێتە کۆمپانیا گەندەڵەکان.
ناوبراو وتی: دوو کەرتی تایبەتی ڕێکخراو و ناڕێکخراو هەیە، ئەوەی ڕێکخراوە لە ژوورە بازرگانییەکاندا تۆمار کراوە و لە لایەن حکومەتەوە پشتیوانی دەکرێت و بە پێی یاسا چالاکی دەکات و ئامانجەکەشی کوالیتی و زیاترکردنی خزمەتگوزارییەکانە، بەڵام کەرتی تایبەتی ناڕێکخراو یان نافەرمی، کاڵای بێ کوالیتی هەناردە دەکات و ئەمەش کاریگەری لە سەر بازرگانی و ناوبانگی کۆماری ئیسلامی ئێران دادەنێت و داواکارین ڕێگری لە هەناردەی کاڵای بێ کوالیتی لە ئێرانەوە بۆ عێراق بکرێت.
وتیشی کە دەبێت ئەوە بۆ خەڵکی عێراق ڕوون بکرێتەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران کاڵای بەکوالیتی هەیە و لە ڕووی تەندرووستییەوە توانا و پێشکەوتنی زۆری هەیە./.