بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، تاهیر عێزەدین محەممەد سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجە لە سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای کرماشان، سەردانی پاوەی کرد و لە گەڵ قایمقامی ئەم قەزایە کۆبووە.
فەرزاد ئەڵماسی قایمقامی پاوە بە وەکالەت لەو کۆبوونەوەدا بە ئاماژە بە هاوبەشی کەلتوری، زمانی و ئایینی لە نێوان دانیشتووانی پاوە و هەڵەبجە، پەیوەندییەکانی هەر دوو لای بە مێژوویی ناو برد و وتی: گەشەی ئابوری، گەشتیاری و وەبەرهێنان لە خاڵی سنوریی شۆشمێ لەو بابەتانەیە کە لە پەیوەندییەکانمان لە گەڵ پارێزگای هەڵەبجە هەوڵی بەدیهاتنی دەدەین.
ناوبراو بە ئاماژە بە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە بەردەوام و هاوبەشەکانی نێوان بەرپرسانی پاوە و هەڵەبجە، جەختی لە سەر بەدواداچوون و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان کردەوە.
ئەڵماسی وتی: بە دڵنیاییەوە بە چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان و نەهێشتنی بەربەستەکان لە سنوری شۆشمێ، هاتنی خەڵک و گەشتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ پاوە زیاتر دەبێت.
تاهیر عێزەدین محەممەد سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجەش لەو کۆبوونەوەدا وتی: پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی و خزمایەتی نزیک لە نێوان دانیشتووانی پاوە و هەڵەبجە لە کۆنەوە هەبووە و ئەمەش دەتوانێت ڕۆڵی بەرچاوی لە پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانی و گەشتیارییەکان لە ڕێگای خاڵی سنوری شۆشمێ – تەوێڵەوە هەبێت.
ناوبراو وێڕای دەستخۆشی لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کردنەوەی ئەم خاڵە سنورییە، وتی: بە پێی کردنەوەی ئەم خاڵە سنورییە و مەودای نزیکی 12 کیلۆمەتریی لە گەڵ خاڵی سنوریی سازان، گرنگترین داواکاری خەڵکی هەڵەبجە، کردنەوەی خاڵی سنوریی سازانە.
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجە بە ئاماژە بە هەندێک کێشە و گرفتی وەک کەمبوونی کاتژمێرەکانی هاتووچۆی خەڵک و ئۆتۆمبێل لە خاڵی سنوریی شۆشمێ، دیاریکردنی کاتی تێپەڕبوونی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان لە خاڵی سنوری، دیاریکردنی کاتی پشوودان، پچڕانی بەردەوامی سیستەمەکان بە تایبەت لە کاتی قەرەباڵغی هاتووچۆی خەڵک و گەشتیاران، دواکەوتنی بەردەوام لە قەپانی خاڵی سنوریی شۆشمێ بە هۆی خراپییەوە، نەبوونی شوێنی گونجاو بۆ خەڵک و گەشتیاران لە کاتی سەرما و گەرما، نەبوونی کارتی سووتەمەنی و بەنزین بۆ ئۆتۆمبێلەکانی هەرێمی کوردستان لە کاتی هاتنیان بۆ ئێران، داوای لە قایمقامی پاوە بە وەکالەت کرد هەوڵی جیدیی بۆ چارەسەرکردنیان هەبێت./.