بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کۆمیتەی جێبەجێکاری پەکەکە لە وەڵامی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا ئاگربەستی ڕاگەیاند و جەختی لەوەش کردووەتەوە تا ئەو کاتەی هێرش نەکرێتە سەریان هیچ چالاکییەکی چەکدارییان نابێت.
لە بەیاننامەیەکی پەکەکەدا هاتووە کە ” پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27 ی شوباتی 2025، ڕێگای هەموو هێزەکانی ئازادی و دیمۆکراسی ڕووندەکاتەوە و مانیفێستێکی سەردەمیانەیە و گرنگە ناوەڕۆکەکەی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکرێت، هەربۆیە پێویستە هەموو کەسێک ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی خۆی جێبەجێ بکات “.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە ” ڕاستەوخۆ بە ناوەڕۆکی پەیامەکە پابەند دەبین و کار دەکەین بۆ جێبەجێکردنی، بەڵام بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دەبێت مەرجەکانی سیاسەتی دیمۆکراسی و زەمینەی یاسایی دابین بکرێت “.
پەکەکە ڕایگەیاندووە کە ” لێرە بە دوا ئاگربەست ڕادەگەێنین بۆ ئەوەی داوای ئاشتی و کۆمەڵگایەکی دیمۆکراسی بکەین. تا ئەو کاتەی هێرش نەکرێتە سەرمان، هیچ هێزێکمان چالاکی چەکداری ناکات “.
پەکەکە ئامادەیی خۆیی بۆ بەستنی کۆنگرە دەربڕیوە بەڵام مەرجی ئەوەی داناوە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئازاد بکرێت و خۆی کۆنگرە بەڕێوە ببات./.