بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لەم ڕۆژانەدا و پاش 3 ساڵ شەڕ، ئەمریکا گوشارەکانی لە سەر ئۆکرانیا چڕ کردووەتەوە کە یان لە سەر کانزاکانی ڕێکەوتن دەکات یان ئەوەی واز لە پشتیوانیکردنی ئەم وڵاتە دێنێت. ترەمپ ڕایگەیاندووە کە ” دەمەوێت لە بەرامبەر ئەو هەموو پارەیە بە ئۆکرانیا دراوە، شتێک بە ئێمە بدەن و دەمەوێت کۆتایی بەم شەڕە بێنم. ئێمە داوای سەرچاوە کانزاییەکانی ئۆکرانیا دەکەین و ئەوەی دەتوانین بە دەستی بێنین، دەمانەوێت “.
بۆ ئەوەی بزانین ئەم داواکارییە چەندە دادپەروەرانەیە، دەتوانین ڕێژەی هاوکارییەکانی ئەمریکا لە گەڵ بەهای کانزاکانی ئۆکرانیا بەراورد بکەین.
هاوکارییەکانی ئەمریکا
پێگەی CFR سەر بە ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ئەیلولی 2024 ڕایگەیاند کە ” لە کاتی دەستپێکردنی شەڕەوە، کۆنگرێسی ئەمریکا 5 یاسای پەسەند کرد و بەردەوام هاوکاری ئۆکرانیا کراوە. دوایین نموونەی لە نیسانی 2024 دا کرا. کۆی گشتی بودجە بە پێی ئەم یاسایانە، 175 ملیار دۆلار بووە و زۆربەی هاوکارییەکانیش سەربازین. دەیان وڵاتی دیکە بە تایبەت ئەندامانی ڕێکخراوی ناتۆ و یەکێتی ئەورووپا، هاوکاری ئۆکرانیایان کرد “.
بیرۆکەی مامەڵەکردن بە کانزاکان
کەناڵی BBC لە ڕاپۆرتێکدا بە ناونیشانی ” بۆ ئۆکرانیا لە گەڵ ئەمریکا سەرقاڵی دانوستانە لە سەر کانزاکانی ؟ ڕایگەیاند: ئۆکرانیا گوشارێکی زۆری ئەمریکای لە سەرە بۆ واژۆکردنی ئەم ڕێکەوتنە. زیلینسکی بۆ یەکەم جار لە ئەیلولی ڕابردوو پێشنیاری بە ترەمپ کردبوو. ترەمپ لەو کاتەدا کاندیدی سەرۆکایەتی کۆمار بوو و سەرۆک کۆماری ئۆکرانیاش ویستی ئەوەی هەبوو پشتیوانییەکانی بۆ وڵاتەکەی ڕابکێشێت “.
بەهای کانزاکانی ئۆکرانیا
لە سەدا 5 ی مادەی خاوی بەنرخی جیهان لە وڵاتی ئۆکرانیادایە. ئەمەش 19 ملیۆن تۆن یەدەگی سەلمێنراوی گرافیت لەخۆدەگرێت، کە بە گوێرەی زانیارییەکان ئۆکرانیا دەکاتە یەکێک لە 5 وڵاتی سەرەکی لە ڕووی دابینکردنی کانزاکانەوە. هەروەها ئۆکرانیا یەک لە سەر سێی کۆی یەدەگی لیتیۆمی ئەورووپای هەیە کە توخمێکی سەرەکییە لە بەرهەمهێنانی پاتریدا. پێش شەڕ پشکی ئۆکرانیا لە بەرهەمهێنانی تیتانیۆمی جیهانیدا لە سەدا 7 بووە. تیتانیۆم کانزایەکە کە لە درووستکردنی زۆرێک لە ئامێرەکاندا بەکاردێت، لەوانە فڕۆکە و وێستگەی کارەبا. جگە لەوەش ئۆکرانیا یەدەگی بەرچاوی کانزا دەگمەنەکانی هەیە. ئەم کانزایانە بۆ بەرهەمهێنانی چەک و تۆرباینەکانی با و ئەلیکترۆنیات و بەرهەمە گرنگەکانی دیکەی جیهانی مۆدێرن بەکاردەهێنرێن.
بە وتەی یولیا سڤیرێنکۆ، وەزیری ئابوری ئۆکرانیا، بەهای سەرچاوەکان کانزاییەکان لە ناوچە داگیرکراوەکانی ڕووسیا ٣٥٠ ملیار دۆلارە. لە ساڵی ٢٠٢٢ کۆمپانیایەکی کەنەدی مەزەندەی کرد کە ڕووسیا دەستی بە سەر نیوەی کانە زەوییە کانزاکانی جیهاندا گرتووە. هەربۆیە کۆی بەهای کانزاکانی ئۆکرانیا چەندین هێندە زیاترە لە هاوکارییەکانی ئەمریکا.
پلانەکەی ئەمریکا
کەناڵی BBC لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بەوەی کە بۆ ئەمریکا داوای کانزاکانی ئۆکرانیا دەکات؟ ڕایگەیاندووە کە کانزاکان بنەمای سەرەکی ئابوری سەدەی 21 ن، ئەوان کلیلی سەرچاوەی وزەی نوێبوونەوەن، لە درووستکردنی ئامێری سەربازی و ژێرخانی پیشەسازیدا بەکاردەهێنرێن و ڕۆڵێکی زیاتر دەگێڕن لە پرسە جیۆئابوری و جیۆپۆلیتیەکاندا.
لە ئاکامدا چی کرا؟
لە ئاکامدا سەرەڕای ڕێکەوتنەکان، ئەمریکا وازی لە پشتیوانیکردنی زلێنسکی هێنا. لە کۆتا کۆبوونەوەی ترەمپ و زلێنسکی لە کۆشکی سپی، سووکایەتی بە سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا کرا. ترەمپ بە چەندین دەستەواژە سووکایەتی بە میوانەکەی کرد و تەنانەت موڵەتی قسەکردنی پێنەدا. ترەمپ و جێگرەکەی بە توندی قسەیان لە گەڵ دەکرد و لە ئاستی سەرۆک کۆماری وڵاتێکدا مامەڵەیان لە گەڵدا نەدەکرد./.