بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، قەیس خزعەلی ڕایگەیاند کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق بە یەک لیست بەشداری ناکات و چەندین لیستی جیاجیای دەبێت و وتی کە چەکی گرووپەکانی خۆڕاگری هیچ کات لە کاروباری ناوخۆییدا بەکار نەهێنراوە و کێشەی بۆ حکومەتی عێراق درووست نەکردووە.
ناوبراو بە ئاماژە بە گۆڕانکارییەکانی فەڵەستین، وتی: شووناسی شیعە بە پێی هاوکاریکردنی زوڵملێکراوەکانە و دوژمنی زایۆنیستی لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە ئامانجەکانی لە شەڕی غەززەدا مسۆگەر بکات و ئێمە لە پرسی فەڵەستیندا بەرگری لە برا و خوشکانی خۆمان دەکەین.
ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی سوریا وتی: تورکیا سەرکردایەتی گۆڕانکارییەکانی سوریای لە ڕێگای سەربازییەوە کرد و لە ئێستاشدا بەردەوامە لە پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراق.
ناوبراو سەبارەت بە پیلانگێڕییەکانی دژ بە حەشدی شەعبی وتی: حکومەت دەبێت بڕیارەکانی بە پێی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی عێراق دەربکات و شتێک بە ناوی هەڵوەشانەوەی حەشدی شەعبی بوونی نییە.
خزعەلی وتی: چەکی گرووپەکانی خۆڕاگری هیچ کات لە کاروباری ناوخۆییدا بەکارنەهێنراوە و ئەم چەکەش بە پێی یاسایە و بۆ بەرگری لە خاک و سەروەری عێراق بەکاردەهێندرێت و لە ڕاستیدا داواکارییەکان بۆ ڕادەستکردنی چەکی گرووپە عێراقییەکان وەک هەوڵێکە لە پێناو چەککردنی هێزە یەدەگەکانی عێراق./.