بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سامی ئەبوزەهری لە سەرکردەکانی بزوتنەوەی حەماس وتی کە بڕیاری زایۆنیستەکان بۆ داخستنی خاڵە سنورییەکانی کەرتی غەززە و ڕێگری لە گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ئەم ناوچەیە، تاوانی شەڕە.
ناوبراو بە کەناڵی جزیرەی ڕاگەیاند کە هەڕەشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی سەبارەت بە گەمارۆدان و برسێتی، ئێمە ناترسێنێت و بایەخێکی بۆ ئێمە نییە.
ئەبوزەهری وتی کە بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی هەوڵی کۆتایی هێنان بە ڕێکەوتنی ئاگربەست و هەلومەرجێکی نوێ بۆ دانوستان دەدات و ئێمەش ئەمە ڕەتدەکەینەوە.
ئەو سەرکردەیەی حەماس وتی کە ڕژێمی زایۆنیستی تەنیا لە ڕێگای ڕێکەوتنەوە دەتوانێت دیلەکانی ئازاد بکات و هیچ کات هەڕەشە و گوشارەکانی ئەو ڕژێمە نابێتە هۆی ئازادکردنی دیلەکان.
وتیشی کە چەکی خۆڕاگری هێڵی سوورە و لە هیچ دانوستانێکدا قسەی لە سەر ناکرێت و هیچ کات لە بەرامبەر ئاوەدانکردنەوەی غەززە و گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان، قسە لە سەر ئەم بابەتە ناکەین و ڕەزامەندی لە سەر نادەین./.