بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، برایان هیوز وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: پێشنیاری لوتکەی وڵاتانی عەرەبی ئەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە غەززە لە ئێستادا بۆ نیشتەجێبوون نابێت و خەڵک ناتوانن لە ناوچەیەکی وێرانکراوی پڕ لە پاشماوەی چەک و تەقەمەنیدا ژیان بە سەر بەرن.
ناوبراو ڕایگەیاند کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا جەخت لە سەر ئاوەدانکردنەوەی غەززە بە بێ بزوتنەوەی حەماس دەکاتەوە.
لە پرۆژەکەی وڵاتانی عەرەبیدا داواکراوە کە ئاوەدانکردنەوەی غەززە تا ساڵی 2030 بە بودجەی 53 ملیار دۆلاری جێبەجێ بکرێت. ئەم پرۆژەیەش لە قۆناغی یەکەمدا بە کۆکردنەوەی چەک و تەقەمەنییە نەتەقیوەکان و زیاتر لە 50 ملیۆن تەن پاشماوەی بۆردومانەکانی ڕژێمی زایۆنیستییەوە دەکرێت./.