بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مێژووی ئەشکەوتی کەرەفتوو دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمێکی زۆر کۆن. بەپێی توێژینەوەکان، شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤ لەم ئەشکەوتەدا لە سەردەمی هەخامەنییەکان دەبینرێت. لە ساڵی 1988دا گروپێکی شاخەوانی ئێرانی بۆ یەکەمجار چوونە ناو ئەشکەوتی کەرەفتوو و هەوڵیان دا ناوەوەی ئەشکەوتە بگەڕێن. لەو کاتەوە ئەشکەوتی کەرەفتوو بووەتە شوێنێکی بەناوبانگی شاخەوانان و گەشتیاران کە بەدوای گەشتیاریی سروشتیدا دەگەڕێن.
ئەشکەوتی کەرەفتوو بە دووەی 60 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای قەزای دیواندەرە و لە ڕۆژهەڵاتی شاری سەقز لە پارێزگای کوردستاندا هەڵکەوتووە. بۆ ئەوەی بگەیتە ئەشکەوتی کەرەفتوو، سەرەتا دەبێت بڕۆی بۆ شاری سنە، لەوێشەوە بەڕێبکەوی بۆ شاری دیواندەرە. دووری نێوان ئەم دوو شارە نزیکەی 70 کیلۆمەترە. لە ناوەوەی شاری دیواندەرە تا ئەشکەوتی کەرەفتوو نزیکەی ٦٠ کیلۆمەترە و 1 کاتژمێر دەخایەنێت بە ئۆتۆمۆبیل بۆ گەیشتن بە ئەوێ.
چیرۆکی جۆراوجۆر لە سەر هۆکاری ناولێنانی ئەم ئەشکەوتە هەیه کە هەندێک دەڵێن ناوی ئەم ئەشکەوتە، قەڵای کەرەفتوویە. هەندێکی دیکەش دەڵێن کە کەرەفتوو لە بنەڕەتدا “گەرەفتوو” بووە و بە مانای داگیرکردن دێت.
دەروازەی ئەشکەوتی کەرەفتوو دەکەوێتە بەرزی 20 بۆ 25 مەتر لە قەراغی شاخەکە، بەڵام نیگەران مەبن، پلیکانی هەیە بۆ گەیشتن بە دەروازەی ئەشکەوتەکە کە ڕێگاکە ئاسان دەکات. بەرزی سەقفی ئەشکەوتەکە لە هەموو شوێنێک وەک یەک نییە. بەرزی سەقف لە 1 تا 12 مەتر دەگۆڕێت. ئەم ئەشکەوتە بە شێوەی چەند نهۆمی لە سەر یەک هەڵکەوتووە. ئەم ئەشکەوتە ٤ نهۆمی هەیە و هاتووچۆ له نهۆمی یەکەوە بۆ چوارەم بە ئاسانی ئەنجام دەدرێت.
هەروەها تابلۆی کۆنی ئاژەڵ و مرۆڤ لە سەر دیوارەکانی ئەم ئەشکەوتە هەیە. جگە لەوەش چەندین بەردەنووسی کۆن لە ئەشکەوتەکەدا هەن کە پەیوەندییان بە سەردەمی ڕۆما و یۆنانی کۆن هەیە.
باشترین کات بۆ سەردانی ئەشکەوتی کەرەفتوو بەهار و هاوینە. لەم دوو وەرزەدا باشترین کەشوهەوای ئەشکەوتەکە هەست پێدەکرێت. لە ئیمکانات و خزمەتگوزارییەکانی ئەشکەوتی کەرەفتوو دەتوانین ئاماژە بدەین بە گەراجی ئۆتۆمبێل، ئاودەست، دوکان و شوێنی نیشتەجێبوون./.