بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، قاسم ئەعرەجی لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە نووسینگەی نوێنەرایەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەغدا بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند کە وڵاتانی جیهان دەبێت بۆ کۆکردنەوە و داخستنی کەمپی هۆل لە سوریا یارمەتیدەر بن.
لەو کۆبوونەوەدا کە بە ئامادەبوونی جێگری نوێنەری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، باڵیۆزانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەورووپا و وڵاتانی عەرەبی و نوێنەری ڕێکخراوە مرۆڤدۆستانەکان بەڕێوەچوو، ڕاگرتنی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ڕێکخراوە و دامەزراوە مرۆڤدۆستانەکان تاوتوێ کرا.
ئەعرەجی ڕایگەیاند کە عێراق لە پاش سەرکەوتنی بە سەر گرووپی تیرۆریستی داعش، بڕیاری ئەوەیدا کە هاووڵاتیانی لە کەمپی هۆل بگەڕێنێتەوە و سەرەڕای هەموو دژوارییەکانیش ئەو کارەی جێبەجێ کرد.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند کە ئەو وڵاتانەی هاووڵاتیانیان لە کەمپی هۆلدا ماوە، دەبێت لە زووترین کاتدا ئەوان بگوازنەوە تا دەرفەتی چۆڵکردنی کۆتایی و داخستنی کەمپەکە دابین بکرێت./.