بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەبوعوبەیدە لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بە بۆنەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزانەوە وتی: ئێمە سەرەڕای پیلان و فریوەکانی دوژمن، بڕیارمان داوە بۆ پاراستنی خوێنی گەلی فەڵەستین و نەبوونی بیانوو بۆ دوژمن و بۆ ڕێزگرتن لە نێوەندگێڕەکان، پابەندی ڕێکەوتنی ئاگربەست بین.
ناوبراو وتی: دوژمن هەوڵ دەدات خۆی لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی لە ڕێکەوتنی ئاگربەستی غەززە بدزێتەوە و سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی، بەرژەوەندییە حیزبییەکانی بە سەر گیانی دیلەکاندا زاڵ دەکات.
ئەبوعوبەیدە وتی: دوژمن ئەوەی بە شەڕ بە دەستی نەهێنا، بە هەڕەشەش بە دەستی ناهێنێت و کورتترین ڕێگا بۆ ئازادکردنی دیلەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، جێبەجێکردنی ڕێکەوتن و پابەندبوونی ئەو ڕژێمەیە بە بەڵێنەکانی.
ڕاشیگەیاندووە کە بزوتنەوەی حەماس بۆ هەر ئەگەرێک ئامادەیە و هەڕەشەکانی دوژمن بەدەر لە بێهیوایی هیچ ئەنجامێکی بۆی نابێت./.