بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەباس عێراقچی لە کۆبوونەوەی لە گەڵ هاکان فیدان، بە ئاماژە بە پێویستی هاوکاری و هاوئاهەنگی زیاتری وڵاتانی ئیسلامی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی کێشە و گرفتەکانی ئێستای جیهانی ئیسلام بە تایبەت لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا، داوای هەڵوێستێکی کاریگەر و یەکگرتووی بۆ ڕێگری لە پیلانگێڕییەکانی دوژمنان لە فەڵەستینی داگیرکراو کرد.
وەزیری دەرەوەی ئێران بە ئاماژە بە دۆخی سوریاش وتی: ئاڵۆزییەکانی سوریا تەنیا لە بەرژەوەندی ڕژێمی زایۆنیستیدایە و دەبێت دەسەڵاتدارانی ئێستای ئەم وڵاتە ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان بۆ پاراستنی گیان و ژیانی سەرجەم پێکهاتە و لایەنەکان جێبەجێ بکەن.
عێراقچی هەروەها پەیوەندییەکانی ئێران و تورکیای بە مێژوویی و لە سەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش ناو برد و ڕایگەیاند کە پاراستنی ئەم پەیوەندییانە ئەرکی هاوبەشی بەرپرسانی باڵای هەر دوو وڵاتە.
لە درێژەی ئەو کۆبوونەوەدا هاکان فیدان بە ئاماژە بە گرنگی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی تورکیا و ئێران، جەختی لە سەر ئیرادەی بەرپرسانی وڵاتەکەی بۆ پاراستن و بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکان لە سەرجەم بوارەکاندا کردەوە./.