بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەو دیمەن و ڤیدیۆیانەی لە سوریا و ڕووداوەکانی ڕۆژانی ڕابردووی ئەم وڵاتە بڵاوبوونەتەوە، پیشان دەدەن کە دەستەی تەحریری شام و سەرۆکەکەی، واتە ئەبومحەممەد جۆلانی، کە لە ئێستادا بە ئەحمەد شەرع خۆی دەناسێنێت، نەگۆڕاون و لە سەر هەمان ئایدۆلۆژیا و کردەوەی توندڕۆیی و تەکفیریی خۆیان بەردەوامن.
لە یەکەم ناڕەزایەتی جەماوەری بەرامبەر بە دەسەڵاتەکەی جۆلانی، هێزەکانی دەستەی تەحریری شام کۆمەڵکوژییەکیان لە دژی عەلەوییەکان کرد و بە سەدان کەسی بێ تاوان لە سوریا بوونە قوربانیی سیاسەتی تەکفیر و توندڕۆیی جۆلانی و تاقمەکەی کە لە لایەن تورکیا و وڵاتانی عەرەبی ناوچەکەوە پشتیوانی دەکرێن.
” مەلک عەلو ” منداڵێکی سورییە کە لە گەڵ خوشکە بچووکەکە و باوک و دایکی لە لایەن هێزەکانی جۆلانییەوە بە شێوازێکی دڕندانە کوژرا.
ئەوانەی لە ئەورووپا و ناوچەکەوە سەردانی جۆلانییان لە دیمەشقی پاش بەشار ئەسەد دەکرد و پشتیوانی خۆیان بۆ دەردەبڕی، لە کوێن؟ کوا ئەو مافی مرۆڤەی لە ئەورووپا بانگەشەی بۆ دەکەن؟
بێگومان ڕووداوەکانی سوریا ئەوەیان سەلماند کە جۆلانی و تاقمەکەی هیچ کات واز لە ئایدۆلۆژیای تیرۆر و تەکفیر ناهێنن و گەلی سوریا پێویستە لە زووترین کاتدا چارەنووسی خۆیان لە گەڵ ئەم تاقمە تیرۆریستییە یەکلایی بکەنەوە./.