بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پارێزگای کرماشان پارێزگایەکی دەوڵەمەندە لە ڕووی سەرنجڕاکێشی مێژوویی و سرووشتی، کەشوهەوا، فرەچەشنی نەتەوەیی، جلوبەرگ و هتد و هەر گۆشەیەکی تایبەتمەندی خۆیی هەیە.
بوونی چوار هەزار شوێنەواری مێژوویی و تۆمارکردنی دوو هەزار و 200 شوێنەواری نیشتمانی و بوونی 200 شوێنی گەشتیاری وایکردووە کرماشان ببێتە شوێنێکی بەناوبانگ بۆ گەشتیارانی نەورۆز و بەتایبەت عێراقی دراوسێ.
لە ڕاستیدا هاوسنوور بوون لە گەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق و هەروەها پێگەی ستراتیژیی پارێزگاکە وەک ڕێڕەوێکی باکوری ڕۆژئاوا – باشووری ڕۆژهەڵات، تایبەتمەندییەکی تایبەتی بە کرماشان بەخشیوە و هەموو ئەمانەش وایکردووە کە کرماشان لە پارێزگاکانی دیکە لە ڕووی توانای گەشتیارییەوە گرنگتر بێت.
بەڵام بە پێی ئامارەکان لە ساڵی ڕابردوو لە ماوەی نەورۆزدا تەنیا 2 ملیۆن گەشتیار سەردانی ناوەندە مێژوویی و گەشتیارییەکانی پارێزگاکەیان کردووە، ئەمەش بە بەراورد لە گەڵ 10 ملیۆن گەشتیار لە شوێنێکی وەک شیراز زۆر کەمە.
هاوکات لە جەژنی ساڵی ڕابردوودا ١٨٣ هەزار گەشتیار لە پارێزگاکەدا جێگیرکران و ئێستا بەڕێوەبەرایەتی میراتی کەلتوری، گەشتیاری و پیشەسازی دەستی دەڵێت بۆ جەژنی داهاتوو کۆی توانای جێگیرکردنی گەشتیاران لە شوێنی نیشتەجێبوونی سەر بەم بەڕێوەبەرایەتییە، نزیکەی ٢٠ هەزار کەسە.
خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە نەورۆزی ئەمساڵ هاوکاتە لە گەڵ مانگی پیرۆزی ڕەمەزان و ماوەتەوە بزانین کرماشان چەندە ئامادەیە بۆ پێشوازیکردن لە هاتنی میوانەکان، بەتایبەت لە عێراقەوە، سەرەڕای ڕەچاوکردنی ڕۆژانی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز. ئایا ڕێکلامەکان یان ڕێبەری گەشتیاری بە زمانی کوردی سۆرانی یان عەرەبی عێراقی ئامادە و شارەزاین، جگە لە زمانی فارسی و ئینلیزی، بۆ ئەوەی ئەگەر گەشتیارمان هەبێت لە هەرێمی کوردستانەوە، بتوانین خزمەتگوزارییان بۆ دابین بکەین؟
بەرپرسی کاروباری گەشتوگوزار و وەبەرهێنان لە بەڕێوەبەرایەتی میراتی کەلتوریی کرماشان ڕایگەیاندووە کە بەرنامەکانی نەورۆز لە پارێزگاکە بە مەراسیمێک لە تەکیەی مەعاون ئەلمۆڵک بە هۆی مانگی پیرۆزی ڕەمەزانەوە دەست پێدەکات.
عەلیڕەزا مورادی بێستوونی بە “جام کوردی”ی ڕاگەیاند: “ئەمساڵیش وەک ساڵانی ڕابردوو پلانمان داناوە لە گەڵ دامودەزگاکان و کەرتە خزمەتگوزارییەکان بە شێوەیەک کە هاتنی میوانەکان بۆ کرماشان هاوکارییانهەبێت و بە یادەوەرییەکی باش و بە درێژایی ساڵ باڵیۆزی هاتنی گەشتیارانی دیکە بۆ پارێزگاکەمان دەبن.”
ناوبراو وێڕای ئاماژەدان بە هەندێک لە ڕێوشوێنەکان لەوانەش ئامادەکارییەکانی شوێنە گەشتیارییەکان، وتی: ئەمساڵ ئەم شوێنانە بە ئامادەبوونی سەد ڕێبەری گەشتیاری تەیارکراون، جگە لەوەش، لە ڕێکارێکی نوێدا، بارودۆخێک بۆ گەشتیاران بۆ ئاگاداربوون لە شوێنە گەشتیارییەکان و تایبەتمەندییەکانی پارێزگاکە بە بەکارهێنانی کۆدی QR ڕەخساوە و لە سەنتەرەکانی زانیاری و خزمەتگوزاری گەشتیاری و ئاسەوارە مێژووییەکان دانراون.
ئاماژەی بەوەشکرد: “ئەمە یارمەتی گەشتیاران دەدات لە ماوەیەکی کورتدا هەموو زانیارییە پێویستەکان لە سەر شوێنە سرووشتی و مێژوویی و سەرسوڕهێنەرەکانی پارێزگاکە بەدەستبهێنن و پلانی مانەوەیان دابنێن، تەنیا بە بەکارهێنانی مۆبایلی تایبەتی خۆیان و سکانکردنی کۆدی پەیوەندیدار“.
سەبارەت بە شوێنی حەوانەوە گەشتیارانی نەورۆز، مورادی بێستوونی وتی: “3600 قەرەوێڵە بۆ گەشتیاران ئامادەکراوە لە شێوەی هۆتێل، هۆتێلی شوقەیی، میوانخانە، هۆتێلی بوتیک، و شوێنی نیشتەجێبوونی نەریتی لە شارەکانی کرماشان، ئیسلام ئاباد، پاوە، قەسری شیرین، گیلان غەرب، و سۆنقۆر. جگە لەوەش ئێمە 35 شوێنی تایبەتی گەشتیاریمان هەیە لە ناوچەی هەورامان کە گەشتیاران دەتوانن بەکاریان بێنن.
بە وتەی ناوبراو، بەکارهێنانی قوتابخانە، دامەزراوەی پەروەردەیی، هۆڵی وەرزشی بۆ حاڵەتە فریاگوزارییەکان، هەروەها دابینکردنی پارکی شەهید یان پارکی شەرقی بۆ شوێنی گەشتیاران کە خێمە بەکاردەهێنن، بەشێکی دیکەی ئەو خزمەتگوزارییانەیە کە ڕێکخراوەکانی دیکە بۆ گەشتیاران پێشکەشیان کردووە./.