ئامانجی سەرەکی ئەمریکا لە داگیرکردنی عێراق لە ساڵی 2003 تا ئێستا تاڵانکردنی سەرچاوەکانی ئەم وڵاتە بووە. دەسەڵاتدارانی ئەمریکا بۆ مسۆگەربوونی ئامانجەکانی خۆیان و بە درووشمی ناڕاستی ئازادی و دیمۆکراسی فەرمانی هێرشیان بۆ سەر عێراق دەرکرد و لەو ساڵەوە تا ئێستا بە هەموو جۆرێک داهاتی سەر زەوی و ژێر زەوی ئەم وڵاتە تاڵان دەکەن.
عێراق بە هۆی سیاسەت و داگیرکاری ئەمریکاوە تووشی دەیان قەیران بووە کە یەکێک لەوانەش قەیرانی کارەبایە. ئەمریکا ڕێگریی لەوە کردووە عێراق ببێتە خاوەنی پرۆژەیەکی ستراتیژیی نیشتمانی بۆ وەبەرهێنانی کارەبا.
کۆمپانیا ئەمریکییەکان لەم هەموو ساڵەدا تەنیا بودجەی پرۆژەکانی عێراقیان بۆ وەبەرهێنانی کارەبا تاڵان کردووە و لە ئەنجامدا هیچ خزمەتێکیان بە گەل و حکومەتی ئەم وڵاتە نەکردووە.
عێراق بۆ ڕزگاربوون لە قەیرانی کارەبا پەنای بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران هێنا. ئێران وەک هەمیشە بووە ڕزگارکەر و یارمەتیدەری عێراقییەکان و سەرەڕای ئەوەی کە خۆی لە ناوخۆدا پێویستی بە غاز و کارەبا هەبوو، بەڵام بە ڕێژەیەکی پێویست غازی هەناردەی عێراق کرد تا سووتەمەنی وێستگەکانی وەبەرهێنەری کارەبای ئەم وڵاتە دابین بکات و لە هەمان کاتیشدا بە ڕێژەیەک کارەبای هەناردەی ئەم وڵاتە کردووە.
عێراق بەم هاوکارییەی ئێران تا ڕادەیەک لە قەیرانی کارەبا بە تایبەت لە وەرزی هاویندا ڕزگار بوو. عێراقییەکان بەردەوام ستایشی ئەم هاوکارییەیان کردووە، وەک چۆن کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش هاوکاری ئەوانی کرد و ڕێگریی لەوە کرد پیلانی ئەمریکی – زایۆنیستی داعش بە هاوکاری چەند وڵاتێکی ناوچەکە لە دژی عێراق سەربگرێت.
سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە لە هاوردەکردنی غازی ئێران لە لایەن عێراقەوە ڕێگری دەکات. ئەم بڕیارە لە پلەی یەکەمدا دژی عێراقییەکانە نەک ئێران. ئێران لە ناوخۆدا پێویستی بە غاز هەیە و دەتوانێت باشتر پێداویستییەکانی پڕ بکاتەوە. لە هەمان کاتدا عێراق بە هۆی گوشار و هەڕەشەکانی ئەمریکاوە پارەی غاز و کارەبا هاوردەکراوەکەی بە ئێران نەداوە و بە جۆرێکی دیکە ئەو قەرزەی داوەتەوە کە بۆ ئێران هێندە بە کەڵک نەبووە.
ئەگەر دەسەڵاتدارانی عێراق سەروەری و سەربەخۆیی وڵاتەکەیان بە لایانەوە گرنگە، دەبێت دژی ئەم بڕیارەی ئەمریکا بوەستنەوە و بە پێچەوانەوە ئەگەر ببنە جێبەجێکاری بڕیارەکەی کۆشکی سپی، لە داهاتوودا بڕیاری قورستر بە سەر ئەم وڵاتەدا دەسەپێندرێت کە زیانەکەی بەر دەرکی هەموو عێراقییەک دەگرێت./.