بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لیژنەی چاودێری فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، ئانخێل کۆریای بە هۆی وەرگرتنی کارتی سوور بەرامبەر خیتافی و سوکایەتیکردن بە ناوبژیوان له پێنج یاری داهاتوو بێبەشکرد. بەم شێوەیە ئانخێل کۆریای ناتوانێت لە پێنج یاری داهاتووی پاڵەوانێتی ناوخۆییدا بەشداری بکات. بڕیارێکی لەم شێوەیە مانای ئەوەیە کۆریا له یارییەکانی بەرامبەر بەرشەلۆنە و ئیسپانیۆل و سێڤیلیا و ڤالێنسیا بەشداری ناکات.
دوای یارییەکە، ئانخێل کۆریا بە ئاشکرا داوای لێبوردنی کرد بۆ سوکایەتیکردنەکەی.
کۆریا سەبارەت بەم بابەتە ڕایگەیاند: دەمەوێت داوای لێبوردن لە ناوبژیوان بکەم بۆ کاردانەوەکەم دوای وەرگرتنی کارتی سوور. من ڕێز لە ناوبژیوانان دەگرم و ئەم کاردانەوەیە لە لایەن منەوە بە هیچ شێوەیەک باش نەبوو. هیوادارم ناوبژیوان داوای لێبوردنەکەم قبوڵ بکات. هەروەها دەمەوێت داوای لێبوردن لە هاوڕێکانم، ڕاهێنەران و هاندەرانمان بکەم بۆ ئەو کارەی کە نەدەبوو ئەنجامی بدەم./.