نوخشە ناسیح لە وتووێژی تایبەت لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، وتی: بێگومان ئێمە پەیوەندییەکی دۆستانەی باشمان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەیە، پارێزگای هەڵەبجە بە درێژایی 118 کیلۆمەتر سنوری هاوبەشی لە گەڵ ئێراندا هەیە، کاتێک بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە بووم بەردەوام لە سەر دەروازەی سنوریی تەوێڵە و بابەتەکانی دیکە کۆبوونەوەی هاوبەش لە نێوانماندا کراوە بۆ باسکردن و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان و خۆشبەختانە کێشە و گرفتێکی وەهاش نەبووە کە چارەسەر نەکرێت.
ناوبراو وتی: بە هۆی ئەو پەیوەندی و دۆستایەتییەی نێوان هەر دوو لا بە تایبەت لە
ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، هەوڵی کردنەوەی دەروازەی شۆشمێ بۆ هاتووچۆی خەڵک و گەشتیاران درا و بە هەوڵی هاوبەشی هەر دوو لا لە ئاستی حوکمڕانی، سیاسی و کۆمەڵایەتی، ئەو پرۆژەیە ساڵی ڕابردوو خرایە بواری جێبەجێکردنەوە و ئێستا هاتووچۆی هاووڵاتیان لە هەر دوو دیوەوە دەکرێت و ئەمەش دەرفەتێکی باشە بۆ پارێزگاکانی هەڵەبجە و کرماشان و قەزای پاوە بە تایبەت. پەیوەندییەکانیش لە گەڵ پارێزگاری کرماشان، قایمقامی پاوە و بەڕێوەبەری ناحیەی نەوسود بەردەوامە و هیوادارین لە ڕووی بازرگانی و کۆمەڵایەتییەوە پەرەی زیاتریش بەم پەیوەندییانە بدرێت.
قایمقامی هەڵەبجە وتی: ئێمە هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاتی بۆردومانی کیمیایی هەڵەبجە لەبیر ناکەین کە لە ساڵی 1988 دا تەنیا دەرگا بە ڕووی خەڵکی ئێمەدا بوو و بە ڕێزەوە پێشوازی و هاوکاری خەڵکی ئێمە کرا و خەڵک بۆ ماوەیەکی زۆر لە ئێران مانەوە و لە بەر ڕێز و خۆشەویستیش هەندێک کەس هەر لەم وڵاتەدا مانەوە.
نوخشە ناسیح وتی: ئێمە داوامان کردووە کە دەروازی سنوریی سازان بکرێتەوە کە گرنگی تایبەت بە خۆیی هەیە، هەر دوو لاش ئامادەیی ئەوەیان هەیە کە ئەو کارە بکرێت و ڕەنگە هەندێک پرۆژە و وردەکاری ئیداری مابێت و لە داهاتوودا دەبێتە دەروازەیەکی سنوریی گرنگ و ستراتیژی بۆ پارێزگای هەڵەبجە.
ناوبراو بە ئاماژە بە هاتنەسەرکاری پارێزگاری نوێی کرماشان، وتی: هیوادارین جموجوڵە بازرگانییەکان زیاتر بکرێن و بە هۆی ئەوەی کە ناوچەکەمان بە ناوچەیەکی گەشتیاری دادەنرێت، هیوادارین لە ڕووی ڕۆشنبیری و گەشتیارییەوە پەرە بە هاوکارییە هاوبەشەکان بدرێت.
قایمقامی هەڵەبجە لە کۆتاییدا سەبارەت بە دەزگای میدیایی جام کوردی وتی: ئێمە لێدوانمان بۆ جام کوردی داوە و ڕاستگۆیانە لێدوان و قسەکانی ئێمەیان گواستووەتەوە و هەربۆیە دەستخۆشییان لێدەکەین و هیوادارین بەم شێوەیە بەردەوام بن.
وتووێژ: هاودەنگ محەممەد