بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەنوچەهر حەبیبی پارێزگاری کرماشان ڕۆژی پێنج شەممە 13 ی ئاداری 2025 لە سەردانێکدا بۆ عێراق لە گەڵ عەدنان محەممەد عەباس شمەری پارێزگاری دیالە کۆبووە.
ناوبراو بە ئاماژە بە کۆبوونەوەی هاوبەش لە گەڵ پارێزگاری دیالە، وتی: پارێزگای کرماشان دوو دەروازەی سنوریی لە گەڵ پارێزگای دیالەی عێراق بە ناوەکانی خۆسرەوی و سۆمار هەیە و لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە سەر تەواوکردنی ژێرخانەکانی پێویست بۆ ئەم دوو دەروازە سنورییە کرایەوە تا وێڕای گەشەی چالاکییە بازرگانییەکان، هاتووچۆی خەڵک و گەشتیارانیش لە دەروازەی سنوری سۆمارەوە بکرێت و لە هەمان کاتدا چالاکی سنورەکان بکرێتە 24 کاتژمێری.
پارێزگاری کرماشان بە ئاماژە بەوەی کە لەو کۆبوونەوەدا سەبارەت بە دابینکردنی پێداویستییەکانی کردنەوەی بازاڕچە هاوبەشەکان بیر و ڕا ئاڵوگۆڕ کراوە، وتی: بە پێی ئەوەی کە هێڵی ئاسنی کرماشان – خۆسرەوی لە بواری جێبەجێکردندایە، لە سەر درێژەپێدانی بۆ دیالە و بەغدا وتووێژ کرا.
حەبیبی وتی: یەکێکی دیکە لە تەوەرەکانی کۆبوونەوە، هاتووچۆی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمەکانی وەک عاشورا و چلەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن (ع) بوو و جەخت لەوە کرایەوە کە بەستێنی پێویست بۆ هاتووچۆی زیاتری زیارەتکاران دابین بکرێت و ئەم بابەتەش لە لایەن پارێزگاری دیالەوە پێشوازی لێکرا.
ناوبراو وتی: لە بواری ئابوریش داواکاری پارێزگاری دیالە و شاندی عێراقی ئەوە بوو کە کۆمپانیاکانی ئێرانی بە تایبەت لە پارێزگای کرماشانەوە بتوانن لە بوارە جیاجیاکان لە پارێزگای دیالە چالاکی بکەن.
حەبیبی وتی: بڕیاردرا ژووری بازرگانی و پیشەسازی کرماشان بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بکات تا پەیوەندییە بازرگانییەکان لە گەڵ پارێزگای دیالە بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆوە ببینێت.
وتیشی کە بەرژەوەندییە ئابورییەکانی ئێران و عێراق بە تایبەت پارێزگاکانی کرماشان و دیالە پێکەوە گرێدراوە و خاڵە هاوبەشەکان دەتوانێت ئەو بەرژەوەندییانە دابین بکات./.