بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هەڵەبجەییەکان خۆیان گەورەترین شایەتحاڵ و بەڵگەن لە سەر ڕووداوەکانی 16 ی 3 ی 1988 و ئەو تاوان و دڕندایەتییە لە لایەن سەدامەوە بەرامبەر بەوان کرا. بێگومان تاوانەکانی سەدام و ڕژێمە ڕووخاوەکەی لەو سەردەمەدا بە پشتیوانی ڕاستەوخۆی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا و وڵاتانی عەرەبی دەکرا و ئەگەر ئەو پشتیوانییانە نەدەبوو، هیچ کات توانای ئەو هەموو تاوانە دژە مرۆییەی لە بەرامبەر کورد و بە تایبەت لە هەڵەبجە نەبوو.
لەو کاتەدا ئەمریکا و ئەورووپا بە پشتیوانی سیاسی و سەربازی لە گەڵ ڕژێمەکەی سەدامدا بوون و وڵاتانی عەرەبیش پارەی پێویستیان بۆ سەدام دابین دەکرد تا لە تاوانەکانی بە تایبەت لە بەرامبەر کورد بەردەوام بێت.
کە بۆردومانی کیمیایی هەڵەبجە کرا، هیچ یەک لەو وڵاتانەی بانگەشەی مافی مرۆڤ دەکەن و لە ئێستادا خۆیان بە دۆستی گەلی کورد و هەرێمی کوردستان دەناسێنن، تەنانەت بە یەک وشە ئیدانەی تاوانە نامرۆڤانەکانی بەعس و سەدامیان نەکرد و لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش ڕێگر بوون لەوەی بڕیارێک لە دژی ئەو ڕژێمە دەربکرێت.
بەڵام ئێران سنورەکانی بە ڕووی خەڵکی ئاوارەی هەڵەبجەدا کردەوە و لە ئاستی گەل و حکومەتدا باشترین و بێ وێنەترین پشتیوانی لە خەڵکەکە کرا و بریندارەکان لە نەخۆشخانەکانی ئێران باشترین چارەسەریان بۆ کرا. ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە ئێران خۆی لە قەیرانێکی گەورەی شەڕی سەپێندراوی سەدامدا بوو.
هاوکات ئێران لە ڕووی میدیاییشەوە تاوانەکەی سەدامی لە هەڵەبجەدا بە هەموو جیهان ناساند و ئەمەش پیلانەکەی بەعس و پشتیوانەکانی بۆ شاردنەوەی ئەو تاوانە پووچەڵکردەوە و ئەو هاوکارییە میدیاییەی ئێران بووە هۆی ئەوەی کە تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە بە دەردی ئەنفال و دەیان تاوانی دیکەی سەدام بەرامبەر بە کورد نەبرێت.
ئێران لە سەرجەم قۆناغەکاندا هاوکار و پشتیوانی هەڵەبجە بووە و هەموو کات هەوڵی بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئەم شارە و خەڵکەکەی داوە. ئەگەر پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان گەشەی سەندووە، بێگومان ئەو گەشەسەندن و بەهێزبوونەی پەیوەندییانە لە گەڵ هەڵەبجە زیاتر و بەرچاوترە./.