بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، چوارشەممە سوری یەکێکە لە ڕێوڕەسمە دێرینەکانی خەڵکی وڵاتی ئێران کە لە دوایین سێشەممەی ساڵدا بەڕێوە دەچێت. ئەم جەژنە لە بیروباوەڕی زەردەشتی سەرچاوەی گرتووە و هێمای کۆتایی زستان و سەرەتای بەهارە. لە ڕابردوودا خەڵک ئاگریان داگدەگیرساند و بەسەریدا بازیان دەدا. بەم کارە پێشوازییان لە ساڵی نوێ دەکرد و هیوای تەندرووستی و بەرەکەتی باش بۆ خۆیان و کەسانی دیکەیان دەخواست.
بەداخەوە ئەمڕۆ جەژنی چوارشەممە سوری پەیوەندی بە تەقەمەنییەوە هەیە. ئەم گۆڕانکارییە بووەتە هۆی ئەوەی ئەم جەژنه کۆنە ببێتە شەوێکی پڕ لە ڕووداو و ساڵانە زۆر کەس بە تایبەت گەنجان تووشی زیانێکی گەورە دەبن.
مێرمنداڵێکی تەمەن 1٤ ساڵ، قوربانی چوارشەممە سوری
مێرمنداڵێکی تەمەن 14 ساڵ لە قەزای قوروە سەر بە پارێزگای کوردستان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە هۆی تەقینەوەی تەقەمەنییەوە بە سەختی سووتاو و دواتر گیانی لەدەستدا. ئەم مێرمنداڵە سەرەڕای چارەسەری پزیشکی بە هۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
بەڕێوەچوونی جەژنی چوارشەممه سوری به شێوەیەکی درووست
خالید ڕەحمانی، مامۆستای زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی پارێزگای کوردستان سەبارەت به ڕۆژی چوارشەممه سوری و مەترسییەکانی ڕایگەیاند: بەداخەوە زیاتر لە 3000 کەس لە ڕووداوەکانی ڕۆژی چوارشەممە سوری ساڵی ڕابردوودا بریندار بوون کە لە ناوی ئەم ئامارەدا زیاتر لە 1000 کەسیان چاوی بریندار بووە. سەرەڕای ئەوەش 14 کەس گیانیان لەدەستدا کە زۆربەیان منداڵ و گەنج بوون.
ناوبراو لە درێژەدا ڕایگەیاند: بۆ ڕێگرتن لە ڕووداوەکانی ڕۆژی چوارشەممە سوری پێشنیار دەکرێت سووتەمەنی و تەقەمەنی لە ماڵەوە هەڵنەگیرێت، خۆتان لە درووستکردنی تەقەمەنی بەدوور بگرن، چاودێری جوڵەی منداڵەکانتان بکەن و ئاگاداریان بکنەوە لە مەترسییەکانی یاریکردن بە ئاگر و تەقەمەنی دەستی، شەقارتە و ماددە مەترسیدارەکان لە دەستی منداڵان دوور بخەنەوە./.