بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئیسماعیل بەقایی بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی ئەمریکا و بەریتانیای بۆ سەر یەمەن کرد کە بووە هۆی شەهید و برینداربوونی دەیان کەس بە تایبەت ژمارەیەک ژن و منداڵی بێ تاوانی یەمەنی.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە هێرشەکانی ئەمریکا و بەریتانیا پێشێلکردنی ئاشکرای بنەماکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسای نێودەوڵەتییە سەبارەت بە ڕێگری لە بەکارهێنانی زۆر و ڕێزگرتن لە یەکپارچەیی خاک و سەروەری وڵاتان، وتی: ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەبێت ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان سەبارەت بە ڕوبەڕوبونەوەی هەر پێشێلکاری و هەڕەشەیەک لە دژی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی جێبەجێ بکەن.
بەقایی هێرشەکانی ئەمریکا و بەریتانیای لە پێناو پاڵپشتی بەردەوامی ئەو دوو وڵاتە لە تاوان و کۆمەڵکوژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە و فەڵەستین بە گشتی ناو برد و وتی: ڕیشەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا، داگیرکاری و کوشتاری فەڵەستینییەکانە لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە کە بە پشتیوانی ئەمریکا و بەریتانیا و ژمارەیەکی دیکە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتیی ڕوبەڕوی هەڕەشەیەکی کەم وێنە کردووەتەوە./.