بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەمید عاسم وتی: هێرشەکانی ئەمریکا بۆ چەند پارێزگایەکی یەمەن، دڕندانە بووە و لەو هێرشانەدا ناوچەکانی نیشتەجێبوون کراونەتە ئامانج و دەیان کەس لە ڕۆڵەکانی یەمەن لە ماڵەکانی خۆیاندا شەهید و بریندار بوون.
ناوبراو وتی: ئەو هێرشانە خزمەتێکی ئەمریکایە بۆ ڕژێمی زایۆنیستی و هەوڵێکە بۆ ڕێگری لە پشتیوانیکردنی خەڵکی غەززە لە لایەن یەمەنەوە.
ئەو بەرپرسەی ئەنساروڵڵا وتی: ئەستەمە ئامانجەکەی ئەمریکا مسۆگەر ببێت، لە بەر ئەوەی کە هەڵوێستی ئێمە سەبارەت بە پشتیوانیکردنی خەڵکی غەززە، هەڵوێستێکی ئایینی، نیشتمانی و نەتەوەییە و شانازی بەم هەڵوێستەی خۆمان دەکەین و دەزانین کە تێچوویەکی زۆریش لە سەر ئەم هەڵوێستە دەدەین، بەڵام پێدانی هەر تێچوویەک بۆ هاوکاریکردنی گەلی فەڵەستین، بچووکە و بە هیچ شێوازێک ئەنساروڵڵا واز لەم هەڵوێستەی ناهێنێت.
حەمید عاسم سەبارەت بە بژاردەکانی ئەنساروڵڵا بۆ بەرەنگاربوونەوەی پیلانەکانی ئەمریکا وتی: وەڵامی ئێمە بەهێز دەبێت، بەڵام دیاریکردنی چۆنیەتی ئەو وەڵامەش لە ئەستۆی فەرماندە سەربازییەکانە، ڕەوتی گۆڕانکارییەکانیش پیشان دەدات کە هێزەکانی ئێمە ڕێوشوێنی پێویست سەبارەت بە بەئامانجگرتنی ئەمریکا لە دەریا و وشکی دەگرنەبەر، بە تایبەت ئەو شوێنانەی کە فڕۆکەکانی دوژمن لەوێوە هێرشەکانیان کردووە./.