بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ناوی ” دایکی زەوییە ” کە کەسایەتییەکی نێودەوڵەتییە لە بواری بەڕێوەبردنی پاشماوە و یەکێکە لە 50 ژنە کاریگەرەکانی ئێران، زیاتر لە سێ دەیەیە هەوڵدەدات بە ئێرانییەکان نیشان بدات کە تەحەدای پاشەڕۆ پێش ئەوەی ببێتە قەیران، دەتوانرێت بکرێتە دەرفەتێک لە ئابوریی بازنەییدا، هەروەها دابینکەری بەشێکە لەو سووتەمەنییەی کە بۆ پیشەسازییە وزەبەرەکانی وەک چیمەنتۆ پێویستە.
ئێستا پاش ساڵانێک، بەشێک لە خواستەکانی ” هایدە شێرزادی ” هاتەدی و ڕەنگە ئەگەر ئێمە لە ژێر گوشاری گەمارۆ و ناهاوسەنگی وزەدا نەبوونایە، سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵات هێشتا ڕەزامەندیی لە سەر پرۆژەکەی پیشان نەدەدا.
پێدەچێت نەک هەر کرماشان، بەڵکوو هەموو شارەکانی ئێران بە تایبەت شارەکانی باکور و کەناراوەکانی باشوری وڵات، کەڵک لەم دەرفەتە وەربگرن و لانیکەم لەسەدا 20 ی قەبارەی پاشماوەکان ڕزگاریان بێت، کە ئەمەش لە مەترسیدارترین و کێشەدارترین کەرتەکانی پاشەڕۆدایە. بەم کارە جگە لە گۆڕینی پاشماوە بۆ سووتەمەنی، دەتوانن سەدان ملیۆن مەتری سێجا غاز پاشەکەوت دەکەن.
هایدە شێرزادی، کارگێڕی پڕۆژەکە بە جامی کوردیی ڕاگەیاند کە ” نزیکەی 15 ساڵ لەمەوبەر و لە 18 ی ڕێبەندانی ساڵی 1388 ی کۆچی هەتاوی (7 ی شوباتی 2010)، یەکەمین مۆڵەتی سووتەمەنی بەدیل، کە بە زمانی ئینگلیزی پێی دەوترێت RDF، بۆ کرماشان، بەدەست هێنرا، بەڵام بە کردەوە هیچ نەکرا “.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: ئێستا دوای ساڵانێک لە ڕوبەڕوبونەوەی کێشەی ناهاوسەنگی وزە، بەو هەماهەنگییەی کە کراوە، بڕیارە چیمەنتۆی ڕۆژئاوا ببێتە یەکەم کارگەی ئێران کە لە سەدا 20 ی پاشماوە کە هیچ بەهایەکی دووبارە بەکارهێنراوی نییە لەبری سووتەمەنی غاز کەڵک وەربگرێت.
شێرزادی وتی: بەم کارە ڕۆژانە 120 تەن پاشماوە بە غاز دەگۆڕدرێت، واتە نزیکەی 60 هەزار مەتری سێجا غاز پاشەکەوت دەکەین.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەگەر ساڵانە ئەم بڕە پارەیە هەژمار بکەین، ژمارەیەکی زۆرمان دەستدەکەوێت، و تەنیا بۆ ئەم یەک کارگەیە زیاتر لە 20 ملیۆن مەتری سێجا غازمان پاشەکەوت کردووە.
جەختیشی کردەوە کە ” جگە لە چارەسەرکردنی کێشەی ناهاوسەنگی وزە، دەبێت درک بە سوودەکانی دیکەی ئەم پلانە بکەین، بۆ نموونە ئەو ڕاستییەی کە ساڵانە ڕێگری لە ناشتنی 40 هەزار تەن پاشماوەی ڕیسایکڵ نەکراو دەکات، سوودێکی زۆری بۆ ژینگە دەبێت “.
بە وتەی شێرزادی، تەنیا لە شاری کرماشان ڕۆژانە 650 تەن پاشماوە بەرهەم دەهێنرێت کە لە سەدا 70 ی پاشماوەی خۆراکە کە دەکرێتە کۆمپۆست، بەڵام نزیکەی لەسەدا 20 ی پاشماوە هیچ بەهایەکی ڕیسایکلکردنی نییە، بەهای گەرمی هەیە و دەبێت بسوتێنرێت بەو پێیەی تێچووی کڕین و دابینکردنی ئامێری سووتاندنی پاشماوە لە وڵاتدا گرانە و ناتوانرێت وەبەرهێنانی تێدا بکرێت، باشترین ڕێگە ئەوەیە کە ئەم بڕە پاشماوەیە وەک سووتەمەنی کارگە بگۆڕدرێت. میتۆدێک کە 3 دەیە لەمەوبەر لە وڵاتانی ئەورووپادا جێبەجێ کرا، لەوانەش ئەڵمانیا.
ناوبراو لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئەگەر 15 ساڵ لەمەوبەر ئەم پلانە جێبەجێ بکرایە چەندە قازانجی بۆ کرماشان و وڵات دەبوو، وتی: ئەگەر پاشەکەوتی 20 ملیۆن مەتر سێجا گاز لە ساڵێکدا بۆ ئەم ماوەیە، واتە 15 ساڵ هەژمار بکەین، نزیکەی 300 ملیۆن مەتر سێجا غاز دەبوو، کە بە کەمترین بەهای 20 سەنت دەکرا زیاتر لە 60 ملیۆن دۆلار لە قازانجی دارایی وڵاتدا دەبوو.
شێرزادی ئاماژەی بەوەشکردووە کە جێبەجێکردنی ئەم پلانە ڕێگری دەکات لە نێژرانی پیسبوون لە زەویدا و کەمکردنەوەی دەردانی گازی گەرمخانەیی. شانبەشانی ئەویش دەمانتوانی هەلی کار درووست بکەین و ببوایە بە نمونە بۆ وڵات، ڕەنگە ئەمڕۆ ئەوەندە زبڵ و خاشاکمان نەبوایە.
وتیشی کە وەک یەکەم کەس کە پلانی ڕیسایکلکردنی پاشماوە لە وڵاتدا جێبەجێ دەکات و دواتریش 70 شار و 200 گوندی ئێران بە هاوکاری و ئامۆژگارییەکەی توانیان هەندێک هەنگاو بەم ئاراستەیە بنێن، سەبارەت بە بارودۆخی پارێزگاکانی دیکە وتی: هەرچەندە پلان لە پارێزگاکانی دیکەدا جێبەجێ کراوە، بەڵام گۆڕینی پاشماوە بۆ سووتەمەنی یەکەمجارە کە لە ئێران و لە کرماشان جێبەجێ دەکرێت، و هیوادارم کە ئەنجامە باشەکانی ئەم پلانە ببێتە نموونەیەک بۆ پارێزگاکانی دیکە.
هەروەها ئاماژەی بە پێشکەوتنەکانی عێراق بەتایبەت لە سلێمانی کرد و ڕایگەیاند: ئەوەندەی من ئاگادار بم، هەرچەندە پلانی ڕیسایکلین لەم وڵاتەدا زۆر کۆن نییە بە بەراورد بە هی ئێمە، بەڵام ماوەی 2 ساڵە بەشێک لە پاشماوەکان بە سووتەمەنی دەگۆڕن، پلانێک کە دەمانتوانی 15 ساڵ لەمەوبەر لە کرماشان جێبەجێی بکەین، ئێستاش کە مامەڵە لە گەڵ کێشەی ناهاوسەنگیدا دەکەین، دەسەڵاتداران دەستیان کردووە بە بیرکردنەوە لە چارەسەری.
ئەو ڕاست دەکات، وا دیارە ئەگەر ئەم هەنگاوە زیرەکانە ١٥ ساڵ لەمەوبەر جێبەجێ بکرایە، ڕەنگە ئێستا ڕوبەڕوی ئەم ئاستە لە ناهاوسەنگی وزە لە وڵاتدا نەدەبووینەوە. بەڵام پێویستە هەوڵ بدرێت بۆ فراوانکردنی ئەم پلانە لە سەر ئاستی وڵات بۆ ئەوەی کاریگەرتر بێت لە چارەسەرکردنی کێشەی ناهاوسەنگی وزە.
باشترە بزانین هایدە شێرزادی خەڵکی گیلانی ڕۆژئاوایە لە پارێززگای کرماشان. ساڵی 1985 چووەتە ئەڵمانیا و دوای بەدەستهێنانی بڕوانامەی ئەندازیاری کشتووکاڵی نێودەوڵەتی و ئیکۆلۆژیای پاراستنی ژینگە لە زانکۆی کاسێل، لە ساڵی 1992 لە گەڵ هاوسەرەکەی هاتووەتەوە ئێران بۆ بەدیهێنانی خەونی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕیسایکلکردن لە کرماشان. بە هەوڵ و بەدواداچوونەکانی، کۆمپانیای کرماشان بۆ ڕیسایکلکردنی کەرەستە و بەرهەمهێنانی پێوانەی ئۆرگانیک لە ساڵی 1998 دامەزرا و دواجار لە ساڵی 2001 کەوتە کار.
ئەو پڕۆژەیەی کە ئێستا لە لایەن کۆمپانیای ڕیسایکلینی کرماشانەوە جێبەجێ دەکرێت ناوی سووتەمەنی جێگرەوە یان RDF یە کە سەرەڕای وەرگرتنی مۆڵەت لە ساڵی 2009 توانی بە دواکەوتنی 15 ساڵ بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
وتووێژ: لەیلا سەعدوەندی