بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، میدیاکانی سەر بە بزوتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن ڕایانگەیاندووە کە پاش هێرشەکانی شەوی دووشەممەی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمریکا بۆ سەنعای پایتەخت، هێزەکانی ئەو بزوتنەوەیە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێ شەممە بۆ سێهەم جار لە ماوەی 48 کاتژمێری ڕابردوودا بە دوو مووشەک و دوو درۆن هێرشیان کردە سەر کەشتی فرۆکەهەڵگری USS Harry S. Truman.
ئەنساروڵڵا ڕایگەیاندووە کە هێرشێکی دیکەی کردووەتە سەر کەشتییەکی سەربازیی ئەمریکا بە یەک مووشەک و چوار درۆن.
بزوتنەوەی ئەنساروڵڵا هۆشدارییداوە کە بەردەوامی هێرش و دەستدرێژییەکانی ئەمریکا کاریگەری نەرێنیی لە سەر کەشتیوانی نێودەوڵەتی دەبێت و هێرشەکان بۆ سەر تەواوی ئامانجەکانی دوژمن لە زەریای سور و عەرەب تا ڕاگرتنی دەستدرێژییەکانی سەر یەمەن و هەڵوەشانەوەی گەمارۆی غەززە بەردەوام دەبێت./.