بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمیرسەعید ئیروانی باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە یەمەن و تۆمەتەکانی ئەمریکا لە دژی تاران، نامەیەکی ئاراستەی سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد.
باڵیۆزی ئێران لەو نامەیەدا ڕایگەیاندووە کە ” کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەڵ پابەندبوونی بە بەڵێنەکانی بەرامبەر بە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، بە هەموو هێزێکەوە بەرگری لە سەروەری، یەکپارچەیی خاک و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی لە چوارچێوەی یاسا و مافی نێودەوڵەتی دەکات “.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ” کۆماری ئیسلامی ئێران هۆشداری دەدات هەر کردەوەیەکی دوژمنکارانە، لێکەوتەی مەترسیداری بە دواوە دەبێت و بەرپرسیارێتییەکەشی بە تەواوی لە ئەستۆی ئەمریکا دەبێت “.
لەو نامەیەدا هاتووە کە ” کۆماری ئیسلامی ئێران بە توندی ئیدانەی هێرش و دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر یەمەن دەکات و هێرشەکانیش پێشێلکردنی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە و بە هەڕەشەیەکی جیدی لە سەر ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە دادەنرێت “./.