بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی لە پەیامەکەیاندا ساڵی 1403 ی کۆچی هەتاوییان بە ساڵێکی پڕ لە ڕووداوی سەخت و دژوار بۆ خەڵک ناو برد و وتیان: شەهیدبوونی ژمارەیەک لە ڕاوێژکارانی سەربازیی ئێران لە دیمەشق، شەهیدبوونی ئایەتوڵڵا ڕەئیسی سەرۆک کۆماری خۆشەویست و پاش ئەوەش ڕووداوە تاڵەکانی تاران و لوبنان بوونە هۆی ئەوەی کە گەلی ئێران و موسڵمانان بە گشتی کەسایەتی بەنرخ لەم ساڵەدا لەدەست بدەن.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، گوشاری کێشە ئابورییەکان و سەختییەکانی ژیانیان بە تایبەت لە نیوەی دووەمی ساڵی 1403 ی کۆچی هەتاوی بە بەشێکی دیکە لە ڕووداوەکانی ساڵی ڕابردوو ناو برد و وتیان: لە بەرامبەر ئەم کێشانەدا، دیاردەیەکی گەورە و سەرسوڕهێنەر، واتە هێزی ئیرادە و ورەی مەعنەویی گەلی ئێران و یەکڕیزی و ئامادەیی ئەوان لە ئاستە باڵاکاندا بەدیهات و یەکەم دەرکەوتنیشی لە پێشوازیکردن لە تەرمی سەرۆک کۆماری شەهید بوو و ئەوەی پیشاندا کە ئەو کارەساتە گەورەیە نابێتە هۆی ئەوەی گەل هەست بە لاوازی بکات.
بەڕێزیان بەڕێوەچوونی خێرای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتییان لە ماوەی یاسایی و دەرهێنانی وڵات لە بۆشایی بەڕێوەبردندا بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی کابینەی نوێ، بە نموونەیەکی دیکەی ورە و توانای باڵای مەعنەویی ئێرانییەکان ناو برد و بە ئاماژە بە دۆخی لوبنان و فەڵەستین وتیان: گەلی ئێران بە پشوودرێژییەوە، ڕێژەیەکی بەرچاوی هاوکارییەکانیان ڕەوانەی برایان و خوشکانی خۆیان لەو دوو وڵاتە کرد.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی لە بەشێکی دیکەی پەیامە نەورۆزییەکەی خۆیاندا بە ئاماژە بەوەی کە ساڵی ڕابردوو وەک ساڵی ” بەرەوپێشچوونی وەبەرهێنان بە بەشداری خەڵک ” ناو نرابوو، وتیان: درووشمی ئەمساڵ و پرسی سەرەکی، بەردەوام ئابورییە و تایبەتە بە سەرمایەدانەری، لە بەر ئەوەی کە بەرەوپێشچوونی وەبەرهێنان و چارەسەرکردنی کێشەکانی بژێوی ژیانی خەڵک بەندە بە مسۆگەربوونی سەرمایەدانەری لە وەبەرهێناندا.
بەڕێزیان ساڵی 1404 ی کۆچی هەتاوییان بە ساڵی ” سەرمایەدانەری بۆ وەبەرهێنان ” ناو نا و هیوای ئەوەیان خواست کە بە پلانی حکومەت و بەشداری خەڵک، کێشەی بژێوی ژیانی خەڵک چارەسەر بکرێت.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستییان بۆ سەر غەززە بە تاوانێکی گەورە و کارەساتبار ناو برد و وتیان: ئەمە گرنگترین پرسی موسڵمانانی جیهانە، هەمووان پێویستە بە یەکگرتوویی لە بەرامبەر ئەم تاوانەدا بوەستن، هەورەها تەواوی ئازادیخوازەکانی جیهان بە تایبەت لە ئەورووپا و ئەمریکا دەبێت ڕێگری لەم پیلانە و کوشتاری منداڵان و ڕووخاندنی خانووی خەڵک و ئاوارەکردنیان بکەن.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران جەختیان لەوەکردەوە کە ئەمریکا بەرپرس و هاوبەشی ئەم کارەساتەیە و وتیان: ڕووداوەکانی یەمەن و هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر خەڵکی ئەم وڵاتە، تاوانێکی دیکە کە دەبێت ڕێگریی لێبکرێت.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی لە کۆتایی پەیامەکەیاندا خێر و چاکە و سەرکەوتنیان بۆ جیهانی ئیسلام داواکرد و هەروەها هیوای ئەوەیان خواست لەمساڵدا بەختەوەری و ڕەزامەندی و سەرکەوتن و یەکگرتوویی تەواوی گەلی ئێران بە بەردەوامی ببینرێت./.