بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پەرستگەی ئاناهیتا بە دووری 95 کیلۆمەتر لە پارێزگای کرماشان سەر بە قەزای کەنگاوەر هەڵکەوتووە. پەرستگەی ئاناهیتا دووەم گەورەترین بینای بەردینی وڵاتی ئێرانە لە دوای تەختی جەمشید.
لە ڕابردوودا، خەڵکی ئێران ئایینی یەکتاپەرستییان هەبوو. ئەوان پێیان وابوو کە فریشتەکان لە خزمەت خودادان و هەریەکەیان ئەرکێکی گرنگی لە سەر زەوی هەیە. یەکێک لە فریشتەکان کە گرنگییەکی زۆری بۆ خەڵک هەبوو، ئاناهیتا بووه. خەڵکی سەردەمانی پێشووی ئێران باوەڕیان هەبوو کە ئاناهیتا فریشتەیەکە کە ئاو دەپارێزێت و باران بۆ خەڵک دەبارێنێت.
لەبەر ئەم هۆکارەش، بۆ ڕێزلێنان لەم فریشتە پەرستگەیەکی گەورەی بۆ درووستکرا. ئەم پەرستگەیە لە سەردەمی هەخامەنشیدا نزیکەی ٣ هەزار ساڵ پێش زایین درووستکراوە.
شایانی باسە کە درووستکردنی تەواوی ئەم پەرستگەیە تا سەردەمی پارتییەکان بەردەوام بووه. ئەم پەرستگەیە بە درێژایی مێژوو بە هۆی ڕووداوەکانی وەک بومەلەرزە و لافاوەوە زیانی پێگەیشتووە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش لە ناو پەرستگەکەدا کۆڵەکە و دیوارەکان دەبینیت کە ڕووخاون.
پەرستگەی ئاناهیتا لە شێوەی چوار گۆشە درووستکراوە و بەردی گەورە بۆ درووستکردنی بەکارهاتووە. ڕووبەری ئەم پەرستگەیە نزیکەی 50 هەزار مەترە. تایبەتمەندی سەرنجڕاکێشی پەرستگەی ئاناهیتا کە وای لێدەکات لە نێو پەرستگەکانی دیکەدا بێهاوتا بێت ئەستووری زۆر و بەرزی کۆڵەکەکانییە. ئەستووری هەندێک لە کۆڵەکەکان 1 مەتر و بەرزییەکەی 3.5 مەتر دەبێت.
وەرزی بەهار باشترین کاتە بۆ سەردانیکردنی پەرستگەی ئاناهیتا. لە ئیمکانات و خزمەتگوزارییەکانی پەرستگەی ئاناهیتا دەتوانین ئاماژە بدەین بە گەراجی ئۆتۆمبێل، ئاودەست، دوکان، چێشتخانە و شوێنی نیشتەجێبوون./.