بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وێڕای دەربڕینی ڕەزامەندی لە سەر فرۆشتنی ئەو سیستەمە پێشکەوتووە بە سعوودیە، ڕایگەیاندووە کە تێچووی ڕێکەوتن لەسەرکراوی ئەو گرێبەستە دەگاتە 100 ملیۆن دۆلار.
لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە کە ڕێکەوتنەکە توانای سعوودیە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی کێشەکانی ئێستا و داهاتوو زیاتر دەکات و دەرفەتی ئەوەش دەڕەخسێنێت کە ئامانجەکان بە دیاریکراوی بپێکێت و مەترسی زیانەکان بەراورد بە سیستەمە مووشەکییە ڕێنماییکراوەکان کەم بکاتەوە.
سیستەمی چەکی پێشکەوتوو کە بڕیارە بە سعوودیە بفرۆشرێت، مووشەکێکە بە ڕێنمایی لەیزەر و دەتوانێت ئامانجی ئاسمانی و وشکانی بپێکێت و هەر فیشەکێکی بە نرخی 22 هەزار دۆلاری ئەمریکییە.
ئاژانسی هاوکاری ئاسایشی بەرگریی پێنتاگۆن کۆنگرێسی ئەمریکای ئاگادار کردووەتەوە کە ڕەنگە 2 هەزار فیشەک لە گەڵ کەرەستەی پەیوەندیدار و مەشق و ڕاهێنانی پێویست بە سعوودیە بدات./.