بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بە دەستبەکاربوونی ” نتۆمبۆ ناندی ندایوا ” لە ویندهۆکی پایتەخت، نامیبیا تەنیا وڵاتێکی ئەفریقییە کە سەرۆک کۆمار و جێگرەکەی ژنن.
ناوبراو پاش دەستبەکاربوونی وەک سەرۆک کۆماری نوێی نامیبیا، ” لوسیا ڤیتبۆی ” ی وەک جێگری خۆی دەستنیشان کرد.
نامیبیا بە حەشیمەتێکی نزیک لە 3 ملیۆن و 100 هەزار کەسی، وڵاتێکە لە ڕۆژئاوای کیشوەری ئەفریقا کە لە گەڵ وڵاتانی ئەنگۆلا، زامبیا، بۆتسوانا و ئەفریقای باشور هاوسنورە و لە ڕۆژئاواشەوە ڕێگای گەیشتنی بە زەریای ئەتڵەسی هەیە.
نامیبیا وشکترین وڵاتی ناوچەکانی باشوری بیابانی ئەفریقایە و پاش مەنگۆلیا دووەم وڵاتە لە ڕووی کەمترین چڕی دانیشتووانەوە.
کابینەی نوێی حکومەتی نامیبیا بە 14 وەزیرەوە دەستی بە کارەکانی کردووە کە 8 وەزیری ژنن.
سەرۆک کۆماری نامیبیا گەورەترین ئامانجی خۆیی بە بەرەنگاربوونەوەی هەژاری ناو بردووە./.