بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەشکەوتی سەهۆڵان لە گوندی سەهۆلان، قەزای مەهاباد و سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا هەڵکەوتووە. ئەشکەوتی سەهۆڵان دەکەوێتە نێوان شاری مەهاباد و شاری بۆکان. بۆ ئەوەی وردتر بڵێین ئەشکەوتی سەهۆڵان بە دووری 43 کیلۆمەتر لە باشوری ڕۆژهەڵاتی مەهاباد بەرەو بۆکان هەڵکەوتووە.
لەوانەیە باوەڕ نەکەیت، بەڵام بە پێی توێژینەوەکان، ئەشکەوتی سەهۆڵانی مەهاباد نزیکەی 70 ملیۆن ساڵ تەمەنی هەیە. کاتی دیاریکراوی دۆزینەوەی ئەشکەوتەکە لە لایەن مرۆڤەوە نازانرێت. ئەوەندەی توێژەران بۆیان دەرکەوتووە، خەڵک هەمیشە لە دەوروبەری ئەشکەوتی سەهۆڵان ژیاون و ئەشکەوتەکەیان وەک پەناگە و شوێنی ڕاوکردن بەکارهێناوە.
لە ساڵی 1980، شوێنەوارناسێکی فەرەنسی بەناوی ژاک دێمۆرگان بە یارمەتی خەڵکی ناوچەکە بەلەمێکی بچووکی درووستکرد و چووە ناو ئەشکەوتی سەهۆڵان و توانی نەخشەیەکی ئەم ئەشکەوتە درووست بکات. دواتر توێژینەوەی گرنگتر لە سەر ئەم ئەشکەوتە ئەنجامدرا. هەروەها ئێرانییەکان لە ساڵی 1996 دەستیان کرد بە لێکۆڵینەوە لە سەر ئەشکەوتەکە.
ئەشکەوتی سەهۆڵان دوو دەروازەی هەیە، یەکێکیان دەروازەی سەرەکی و ئەوی دیکەیان دەروازەی دووەمە. گەشتیاران بە زۆری دەروازەی سەرەکی بەکاردەهێنن و دەروازەی دووەمیش بۆ چوونە دەرەوە دانراوە. دەروازەی سەرەکی گەورەترە و درەختی زۆر لە دەوروبەریدا هەیە. ئەشکەوتی سەهۆڵانی مەهاباد بە سەر دوو بەشدا دابەش کراوە: ڕێگای وشکانی و ئاوی.
بۆ گەیشتن بە بەشی ئاوی ئەشکەوتەکە، دەبێت لە دەروازەی سەرەکیەوە بچیتە ژوورەوە و بە پلیکانەکان نزیکەی 20 مەتر بەرەو خوارەوە بڕۆیت. ژمارەی ئەم پلیکانانە نزیکەی 110 پلیکانەیە. کاتێک دەچیتە ناو ئەشکەوتەکە، دەستبەجێ هەست بە گۆڕانی پلەی گەرمی و شێی هەوا دەکەیت. پلەی گەرمی ناو ئەشکەوتەکەش لە نێوان 10 بۆ 13 پلە دەگۆڕێت و شێیەکەی لە سەدا نزیکەی 70 بۆ 80دە.
قووڵایی ئاوی ئەم ئەشکەوتە لە 15 مەترەوە دەست پێدەکات و دەگاتە 30 مەتر. تا ئێستا نزیکەی 300 مەتر لە بەشی وشکانی و 250 مەتر لە بەشی ئاوی ئەم ئەشکەوتە دیاری کراوە. باشترین کات بۆ سەردانی ئەشکەوتی سەهۆڵان لە وەرزی بەهار یان هاویندایە. لەم دوو وەرزەدا، سەهۆڵان باشترین کەشوهەوای هەیە.
لە ئیمکانات و خزمەتگوزارییەکانی ئەشکەوتی سەهۆڵان دەتوانین ئاماژە بدەین بە گەراجی ئۆتۆمبێل، ئاودەست، دوکان، هۆڵی نوێژخوێندن، چێشتخانە و شوێنی نیشتەجێبوون./.