بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ هەر یەک لە حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، دکتۆر مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران، محەممەد باقر قاڵیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و سەید عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە.
لە پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا بۆ وەزیری دەرەوەی ئێران هاتووە کە ” بە گەرمی و دۆستانە، جەژنی نەورۆز و دەستپێکردنی ساڵی نوێ لە بەڕێزتان پیرۆزبایی دەڵێم و بەختەوەری و سەرکەوتنتان بۆ داواکارم. هیوادارم کە نەورۆز وەک جەژنی هاوبەشی ئێمە و گەلانی ناوچەکە، ئارامی، ئاشتی و سەقامگیریی بۆ هەمووان بە دواوە بێت و خێر و خۆشی بۆ هەمووان بەدی بێنێت. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بە ڕێز و دەستخۆشییەکی تایبەتەوە لە پەیوەندییە مێژوویی و هاوکاری دۆستانەی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان دەڕوانین. بەم بۆنەوە، جەخت لە سەر ئامادەیی و خواستی خۆمان بۆ پتەوکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و هاوکارییە هاوبەشەکان لە سەر بنەمای ڕێز، دراوسێبوونی باش و هەروەها بەرژەوەندی هاوبەش دەکەینەوە “./.