بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕافینیا لەم وەرزەدا ئاستێکی نایابی لە پێکهاتەی بەرشەلۆنە پێشکەش کردووە و هیوادارە بتوانێت لەم یارییە گرنگەدا بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەرجەنتین درێژە بەم لێهاتووییەی بدات، بەڵام پێدەچێت بیر لە ئامانجێکی گەورەتر بکاتەوە.
ڕافینیا لە وتووێژێکدا لە گەڵ میدیا وەرزشییەکان سەبارەت بە تۆپی زێڕین ڕایگەیاند: بۆ من سرووشتییە بیر لە تۆپی زێڕین بکەمەوە و ئەگەر بڵێم وانییە، ئەوا درۆ دەکەم. بەڵام هەوڵ دەدەم ئێستا بیری لێنکەمەوە و تەرکیز لە سەر ئامانجە کەسییەکانم لە کارەکەمدا بکەم. چه لە تۆمارکردنی گۆڵ، پێشکەشکردنی ئەسیست یان بردنەوەی پاڵەوانێتییەکان.
وتیشی: پێم وایە ئەگەر هەموو ئەو ئامانجانەی لە دەفتەرکەمدا نووسیومە تا کۆتایی ئەم وەرزە بەدەست بهێنم، ئەوا چانسی بردنەوەی تۆپی زێڕین زۆر دەبێت. بەڵام حەز ناکەم زۆر تەرکیز لە سەر تۆپی زێڕین بکەم، چونکە زۆر بیرکردنەوە لێی لەوانەیە ببێتە هۆی سەرقاڵبوون. ئامانجی سەرەکی من تۆمارکردنی گۆڵ و درووستکردنی دەرفەت و بردنەوەی مۆندیال و چێژوەرگرتن لە یارییە.
ناوبراو له درێژەدا ڕایگەیاند: نەیمار و ڕۆناڵدینهۆ بۆ من نموونەیەکی زۆر باش بوون. نەمتوانی زۆر سەیری یارییەکانی ڕۆناڵدینهۆ بکەم چونکە زۆر منداڵ بووم. قسەم لە گەڵ نەیمار کرد و پرسیاری لێکردم کە پەسەندترین ژمارەم چییە؟ من گوتم 11 چونکە ئەم ژمارەیەم هەبوو لە منداڵییەوە و بە سەیرکردنی نەیمار و ڕۆناڵدینهۆ گەورە بووم./.