بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کۆمیساریای باڵای کاروباری پەنابەرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە بە هۆی ڕووداو و توندووتیژییەکانی ناوچە کەناراوییەکانی ڕۆژئاوای سوریاوە لە مانگی ئاداری ئەمساڵ، زیاتر لە 21 هەزار کەس بەرەو لوبنان هەڵهاتوون.
لە بەیاننامەیەکی ئەو کۆمیساریایەدا هاتووە کە کردەوە توندووتیژەکانی سەرەتای ئەم مانگە بووە هۆی زیاتربوونی ژمارەی ئاوارەکانی سوریا لە لوبنان و ئاوارەبوونی خەڵکی سوریاش بەردەوام دەبێت.
سەرچاوە خۆجێیەکان ڕایانگەیاندووە کە ژمارەی ئەو کەسانەی ڕۆژانە لە ناوچە عەلەوی نشینەکانی سوریا لە لایەن هێزەکانی تەحریری شامەوە دەڕفێندرێن، ڕووی لە زیادبوون کردووە.
چاودێری مافی مرۆڤی سوریا ڕایگەیاندووە کە لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا 31 کەس لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی سوریاوە لە تەڕتوس، لازقیە، حومس و حەما کوژراون./.